٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بولەنت ئارنج: وەقفە داخراوەكان دووبارە دەكرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئەنقەرە-  KDP.info/  جێگری سەرۆك وەزیری توركیا بولەنت ئارنج رۆژی دووشەممە لە ئەنقەرە رایگەیاند كە لە چوارچێوەی قۆناغی نوێدا و بە هۆی پەسەندكردنی چوارەمین پاكێجی دادوەری لە لایەن سەرۆك كۆماری توركیاوە ئەو وەقف و رێكخراوانەی كە لە دوای ساڵەكانی 1990دا تا ئەمڕۆ داخراون دووبارە دەست بەکاردەکەنەوە.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی تی ئار تی خەبەری توركی بڵاویكردەوە كە جێگری سەرۆك وەزیری توركیا بولەنت ئارنج باسی ئەو هەنگاوانەی كردووە كە دەوڵەتی توركیا دەیەوێت لە چوارچێوەی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزەكردنی توركیادا جێبەجێیان بكات و گوتوویەتی: دووبارە كردنەوەی ئەو وەقفانە بە تایبەتی وەقفەكانی كەمینە ئاینییەكانی توركیا كە لە دوای ساڵەكانی 1990دا داخراون، یەكێكە لە هەنگاوە گرنگەكانی حكوومەتی توركیا و لەم بارەیەوە حكوومەت دەستی بە ئامادەكاری پێویست كردووە.

ئارنج رایگەیاندووە كە زیاتر لە 20 وەقف لە لایەن دەوڵەتە یەك لە دوا یەكەكانی توركیاوە بە بیانوی جۆربەجۆر داخراون و دەستیش بە سەر ماڵ و شوێنی زۆربەی هەرە زۆری ئەو وەقفانەدا گیراوە، بەڵام حكوومەتی ئێستەی توركیا لە چوارچێوەی قۆناغی دیموكراتیزەكردنی توركیادا بڕیاری داوە كە ئەم وەقف و رێكخراوانە دووبارە بكرێنەوە و ماڵ و شوێنەكانیشیان رادەستیان بكرێتەوە.

جێگای ئاماژە پێكردنە كە ژمارەیەكی زۆر وەقفی جولەکە، بەهایی، ئەرمەنی و عەلەوییەكان و كەمە نەتەوە ئاینییەكانی دیكەی توركیا لە 20 ساڵی رابردوو لە لایەن دادگا و حكوومەتی توركیاوە داخراون.

هەواڵی پەیوەندیدار