یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە پێشوازی كرد لە نوێنەری UNDPلە عێراق
لە دیدارێكی نێوان هەردوولادا، یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە د. دیندار زیباری و نوێنەری UNDPلە عێراق بەریز پیتەر باچیلۆر تیشكی خستە سەر ڕۆڵی ئاژانسی UNDPلەهەرێمی كوردستان و هەماهەنگی زیاتری بەپێویست زانی لە پێناو ئەنجامدانی كاری باشتر و بەسوود تر، وە ڕایگەیاند كە پێویستە ئاژانسەكە هەوڵ بدات سەردانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەریم بكات و بیانخاتە ناو بەرنامەی كارەكانیان وە پشتیوانیان بێت بە بەپرۆزەی جۆراوجۆر بۆ ئەوەی خەڵكانی ئەو شوێنانەش سوودمەند بن لە تواناكانی گەشەپێدانی ئاژانسەكە.
دواتر سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئەیلولی داهاتوو یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە گووتی، ئاژانسی UNDPئەتوانێت هاوكار بێت لەم بوارە بە كردنەوەی خوولی ڕاهێنان بۆ كارمەندانی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن هەروەها ڕۆژنامەنووسان بۆ پێشخستنی تواناكانیان لە چۆنێتی ڕوماڵكردنی ڕووداوەكان بەشێوەیەكی پرۆفێشناڵ.
لەلایەن خۆیەوە پیتەر باچیلۆر ئاماژەی دا بەوەی كە UNDPسەردانی ناوچە كوردستانیەكان دەكات و هیوای خواست لەداهاتوو بتوانن بەكارو پرۆژەكانیان ئەو ناوچانە بەسەر بكەنەوە و بێبەشیان نەكەن لە تواناكانیان. پاشان باچیلۆر باسی لە كۆنفرانسی ڕاوێژكاری كرد كە لە هەولێر بەسترا و تایبەت بووە بە پلانی گەشەپێدانی هەزارەی سێ یەم تیایدا پرسەكانی ژنان، منداڵان، و گەنجان چەندین پرسی دیكە تاوتوێكران و بەسەركەوتوویی كۆتایی هات.




