دوای نزیكەی 9 مانگ لە ونبوونی لە سوید تەرمی كەسایەتی شاری سلێمانی عومەری مەكتەبە دۆزرایەوە

سوید – KDP-info / نزیكەی 9 مانگ لەمەوبەر كەسایەتی ناوداری كتێبفرۆشی شاری سلێمانی عومەری مەكتەبە كە بەسەردان بۆ لای منداڵەكانی چوو بووە سوید و لەماڵی كچەكەی چوبووە دەرەوەو وون بوو، لەلایەن پۆلیسەوە تەرمەكەی دۆزرایەوە و ناسنامەكەی درایەوە كەسوكاری.
دوای گەڕان و سۆراغێكی زۆر هەفتەی رابردوو راوچییەك تەرمێكی لەو شوێنە دۆزییەوە كە دواجار عومەری مەكتەبەی لێبینرابوو. دوای پشكنین و لێكۆڵینەوە پۆلیسی سویدی ئاگاداری كەسوكارەكەی كردوونەتەوە كە ئەو تەرمە تەرمی عومەری مەكتەبەیە.
خوشكەزای ناوبراو بە رووداوی راگەیاندووە ئێوارەی دوێنێ پۆلیسی سویدی دوای لێكۆڵینەوە بۆی دەركەوتووە كە ئەم تەرمە هی ناوبراوە و هەر دوێنێش كەسوكارەكەی ئاگادار كردوون.
شایانی باسە عومەری مەكتەبە كەسایەتییەكی ناسراوی شاری سلێمانی بوو و بۆ چەند دەیەكە كاری كتێبفرۆشی دەكرد و خاوەنی كتێبفرۆشییەكەی تەنیشت چایخانەی شەعبی سلێمانی بوو، لەساڵی 1936 هەر لەشاری سلێمانی لەدایك بووەو لەدوای سەردانی منداڵەكانی لە سوید لەشاری یۆتۆبۆری لە ماڵی كچەكەی رۆژی 4\8\2012 چووبووە دەرەوە و نەگەڕابۆوە.




