٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی كەركووك: سەرژمێری دانیشتووانی ناو كەركووك بەردەوامە

سەرچاوە: AK News

كامیل ساڵەیی قایمقامی ناوەندیی كەركووك ئاشكرای كرد لە رێگەی فۆرمێكی تایبەتەوە سەرژمێری دانیشتووانی ناو كەركووك بەردەوامە ، ئاماژە بەوەشدەدات كە بەپێی زانیاری فۆرمەكان تا ئێستە 400 خێزانی عەرەبی هاوردە ناسراونەتەوە كە قەرەبووی 140یان وەرگرتووە و نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و زیاتر لە هەزار خێزانیش لە كەركووك بەشێوەیی نایاسایی نیشتەجێن

بەپێی ئامارێكی ناڕەسمی كە بەپێی فۆرمی دەنگدەران پشتی پێ دەبەسترێ، ژمارەى دانیشتوانى سنووری پارێزگەی كەركووك ملیۆنێك 400 هەزار كەسە.

لەوبارەیەشەوە كامیل سالەیی قایمقامی كەركوك ڕایگەیاند: لە پێشتردا كەركووك هیچ ڕێكخستنەوەیەكی بۆ نەكرابوو لەبارەى دانیشتوانەوە و موختارەكان هیچ تۆمارێكیان لانەبوو، لە قاوەخانەیەكدا دادەنیشت و بێ زانیاریی لەسەر كەسەكان نووسراوى پشتگیریان بۆ دەكرد، بۆیە قاوەخانەكە داخرا و موختارەكان بەگەڕ خران و ئێستە ئاماری دانیشتتوانی ناو كەركووك دەكەن.

ساڵەیی ئاشكرای كرد كە "لە كەركووك 127 موختار هەیە و هەریەكەیان ناوچە و گەڕەكی خۆی بۆ دیاری كراوە و ئێستە لە فۆرمێكدا زانیاریی لەسەر ماڵبات و تەنانەت تاكەكەسیش تۆمار دەكەن".

قایمقامی كەركووك تەنیا ئەوەندەی ئاشكرا كرد كە ئەو زانیارییانەی ناو فۆرمەكە بۆ ئەوەیە بزانرێت چەند كەس خەڵكی رەسەنی شارەكەن یاخۆ بە مۆڵەت نیشتەجێ كراون یان بە نایاسایی نیشتەجێن.

"لە فۆرمەكەدا نەتەوە و ئاین دیارى ناكرێت بەهۆی هەستیاری دۆخی كەركووك، بەڵام تا ئێستە بۆمان دەركەوتووە كە 400 ماڵباتی عەرەبی هاوردە قەرەبووی مادەی 140 كراونەتەوە، بەڵام نەگەڕاونەتەوە شوێنی پێش كۆچپێكردنیان، بۆ ئەوەیش دەبێ لێپرسینەوەى یاساییان لەگەڵ بكرێ" ساڵەیی گوتی.

قایمقامی كەركووك زانیاری زیاتری خستە ڕوو بەوەی "بەپێی ئەوەندە فۆرمانەی تا ئێستە تۆمار كراون بۆمان دەركەوتووە زیاتر لە هەزار ماڵبات لە كەركووك بەشێوەیی نایاسایی نیشتەجێن و ئەوانیش لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێ بۆ ئەوەى بزانرێ چۆن و لە چ ڕێگەوەیەكەوە نیشتەجێ كراون".

ئامارەكە تا 1 مانگی داهاتوو تەمووز/یۆلیۆ بەردەوام دەبێ.
 

هەواڵی پەیوەندیدار