وەزیری بەرگری عێراق توركیای بەهاندانی خۆپیشاندەران دژ بە مالیكی تاوانبار كرد

بەغدا- /KDP-info وەزیری بەرگری عێراق ولاتی توركیای بە هاندانی خۆپیشاندەران لەدژی مالیكی تاوانباركرد و تاوانبارانیشی تۆمەتباركرد بە جێبەجێكەری ئەجیندای توركیا لە عێراق.
لەمەراسیمێكی تایبەتدا كە لەوەزارەتی بەرگری عێراق بۆ رێزلێنان لەو پێنج سەربازە عێراقییەی لە چەند رۆژی رابردوو لە رومادی كوژران، بەڕێوەچوو، سەعدون دلێمی وەزیری بەرگری عێراق رەخنەیەكی توندی لەو خۆپیشاندەرانەی ناوچە سونییەكان گرت كە چەند مانگێكە دەستیان بە مانگرتن كردووە لە ناوچە سوننەنشینەكان، هەروەها بەوە تاوانباری كردن كە دەستی دەرەكی و بەتایبەت توركیا لە دژی نوری مالیكی دەیانبزوێنێت.
لەو مەراسیمەدا دلێمی راشكاوانە و بە گلەییەوە گوتی: وەك ئەوەیە پارێزگاكانی ئەنبارو شاری خۆم موسل و سامەرا درێژكراوەی دەسەڵاتی عوسمانی بن، برایان ئێمە لە زەمانێكی زووەوە رزگاربووینە لە عوسمانییەكان.
بەگوێرەی هەواڵێك كە العراق للجمیع بڵاویكردۆتەوە سەعدون دلێمی وەزیری بەرگری لەو مەراسیمەدا بە توندی رەخنەی زیاتری گرتووە و گوتوویەتی: شەرمە و زۆر شەرمە ئەو گۆرەپانانە، مەبەستی خۆپیشاندەرانە نەك هەر دەرگەیان بۆ تیرۆریستان كردۆتەوە، بەڵكو وەلا بۆ وڵاتێكی تر دەنوێنن لە گۆڕپانی خۆپیشانداندا.
لە دەستەواژەیەكی توندتریشدا گوتوویەتی: گۆڕەپانی خۆپیشاندان بۆتە پەناگەیەكی ئارام و پارێزراو بۆ تیرۆریستان و فیتنە گێران و داخ لە دڵان.




