كەم ئەندامان لەپێشینەی هاوسەرگیری دەبەخشرێن و لەپێشینەی خانووبەرە سوودمەند دەبن

هەولێر- KDP.info/ كەمئەندامان و خاوەن پێداویستە تایبەت و كورتەباڵاكان لەهەرێمی كوردستان سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی پێشینەی خانوبەرە. هەروەها لەوەرگرتنەوەی پێشینەی هاوسەرگیری دەبەخشرێن و ئەم بڕیارەش لە 1/1/2013 جێبەجێ دەكرێت.
دوای ئەوەی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بەنوسراوی رەسمی داوای لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كرد بۆ سوودمەندبوونی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستە تایبەت و كورتەباڵاكان لەپێشینەی خانووبەرە بەپێی رێنماییە داراییەكان و بەخشینیان لە پێشینەی هاوسەرگیری. دوا بەدوای رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان رێنمایی دارایی لە 29/4/2013 ئاراستەی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كرد، بەمەبەسەتی پشتگیری كردنی كەمئەندامان بۆ سوودمەندبوون لەپێشینەی خانووبەرەو بەخشینیان لەپێشینەی هاوسەرگیری و بۆیان بكرێت بەبەخشین (منحە).
بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بەڵێن دووپاتیدەكاتەوە بۆ خزمەتی زیاتری كەمئەندام و خاوەن پێداویستە تایبەت و كورتەباڵاكان و داكۆكی كردن لەداواكانیان لەچوارچێوەی مەرج و رێنماییەكانی حكومەت و بەرژوەندی گشتی خەڵكی كوردستان . هەروەك ئەم هەنگاوەش بەدەستكەوتێكی تر دادەنێـت بۆ زیاتر ئاشنابوونی كەمئەندامان لەبڕیارو پرۆژەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كاری بەردەوامی بۆ دەكات.




