پرۆفیسۆر نادییە مستەفا: لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەوڵەتی گەورە نامێنێت

ئەنقەرە- KDP.info/ پرۆفیسۆر نادییە مستەفا سەبارەت بە پرۆژەی رۆژهەڵاتی گەورە رایگەیاند: زلهێزەكانی جیهان هەوڵ بۆ جێبەجێ كردنی پرۆژەی رۆژهەڵاتی گەورە دەدەن و لەم پرۆژەیەدا كەمینە ئەتنیكییەكان دەبنە ئاكتەری سەرەكی.
لەم باریەوە ماڵپەڕی دونیا بوولتەنی ئاماژەی بەوە كرد كە لە سمینارێك سەبارەت دوارۆژی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، مامۆستای زانكۆی قاهیرە، پرۆفیسۆر نادییە مستەفا گوتەیەكی پێشكەش كردووە و رایگەیاندووە كە زلهێزەكانی جیهان سەرقاڵی جێبەجێ كردنی پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەن و بۆ جێبەجێ كردنی ئەم پرۆژەیەش ناچارن دەوڵەتە گەورەكانی ناوچەكە یەك لە دوای یەك هەڵبوەشێننەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كردووە كە بەهاری عەرەبی سەرەتای جێبەجێ كردنی ئەم پرۆژەیە و زلهێزەكان بۆ ئەوەی كە بتوانن بە ئاسانی پرۆژەكەیان جێبەجێ بكەن، سەرەتا ناچارن كە دەوڵەتە گەورەكان هەڵبوەشێننەوە و دواتر پشتگیری و پاڵپشتی لە گروپە ئەتنیكییەكان بكەن، تا جێگای ئەم دەوڵەتانە بگرنەوە.
ئەم مامۆستایەی زانكۆی قاهیرە هۆشداری داوەتە زۆربەی هەرە زۆری دەوڵەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی ئەو دەوڵەتانەی كە لە نێو خۆیاندا خاوەن چەندین پێكهاتە جیاجیای ئەتنیكین و گوتوویەتی: رزگاربوونی ئەم دەوڵەتەنە لەم گۆڕانكارییە شتێكی ئەستەمە، بەڵام ئەگەر بتوانن بەر لە هەر جۆرە دەستوەردانێكی دەرەكی لە نێو خۆیاندا گۆڕانكاری بكەن، رەنگە بتوانن بەردەوام بن.




