جەمیل چیچەك: قۆناغی چارەسەری زۆر بە باشی بەرێوە دەچێت

ئەنقەرە- KDP.info/ سەرۆكی پەرلەمانی توركیا جەمیل چیچەك رۆژی یەكشەممە لە ئەنقەرە رایگەیاند كە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی ئاشتەوایی توركیا بەو پەڕی جدییەتەوە بەردەوامە و زۆر بە باشیش بەرێوەدەچێت.
لەمبارەیەوە كەناڵی ئا خەبەری توركی ئاماژەی بەوە كردووە كە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا رەخنەی لە هەندێك كەس و لایەن گرتووە كە گوایا گازەندەیان لە قۆناغی چارەسەری و چۆنیەتی بەرێوەبردنی ئەم قۆناغە هەیە و گوتوویەتی: ئەو رەخنانە راست نین چونكە ئەم قۆناغە زۆر بە باشی بەرێوەدەچێت و تا ئێستە دەرئەنجامی باشیشی هەبووە.
سەرۆكی پەرلەمانی توركیا سەربارەت بە مەسەلەی كێشانەوەی پەكەكەیش لە نێو سنوورەكانی توركیادا جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە پەكەكە لەمێژە دەستی بە كێشانەوەی هێزەكانی بۆ دەرەوەی سنوورەكانی توركیا كردووە و دەستنیشان كردنی رۆژی 8ی ئەم مانگە بۆ دەستپێكردنی كێشانەوەی هێزەكان، شتێكی رەمزییە و مانای ئەوە نییە كە پەكەكە لەم رۆژەدا دەست بە كێشانەوەی هێزەكانی خۆی دەكات.




