پەرلەمان بەدواداچوون بۆ خراپی كوالێتی دەرمان لەهەرێمی كوردستان دەكات

هەولێر- تایبەت بە kdp.info/ بەمەبەستی كەمكردنەوەو نەهێشتنی دەرمانی خراپ لە دەرمانخانە و بازاڕە تەندروستییەكانی هەرێمی كوردستان باشتركردنی كوالێتی دەرمان و كۆنترۆڵكردنی سنورەكان و رێگەگرتن لەهاوردەكردنی دەرمانی خراپ، لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان لە بەدواداچوونەكانی بەردەوامە.
د. رێباز فەتاح سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ kdp.info گوتی: وەزارەتی تەندروستی ئەو وەزارەتەیە كە لە ژێر چاودێریكردنی لیژنەكەی ئێمەیە، یەكێك لەو بابەتانەی كە جێگەی بایەخە بابەتی دەرمانە بۆیە ئەمڕۆ لەپەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیەك لە نێوان ئەندامانی لیژنەكەمان و هەریەك لە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و كوالێتی كۆنتڕۆڵ لە وەزارەتی تەندروستی كۆبوینەوە و ئامانجیشمان لە كۆبوونەوەكە بۆ ئەوە بوو بزانین دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر كابینەی حەوتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەزارەتی تەندروستی چ هەنگاوێكی ناوە بۆ باشتركردنی بابەتی دڵنیایی كوالێتی دەرمان لە هەرێمی كوردستان و هەروەها بۆ ئەوەی بزانین پێویستمان بەچەند كات هەیە بۆ ئەوەی كۆتایی بە گرفتی دەرمان بهێنرێت.
ناوبراو گوتیشی: خۆشبەختانە بەپێی گرێبەستێك لە مانگی 10 ی ساڵی رابردووەوە كۆمپانیەكی بەریتانی ئەركی پشكنینی دەرمانی هەرێمی كوردستانی لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام گرفتێك لەم نێوەندەدا هەیە ئەویش بریتییە لەوەی كە لە هەرێمی كوردستان تاقیگەیەكی پێشكەوتوو نییە بۆ پشكنینی دەرمان، بۆیە ئەو كۆمپانیایە نمونەی دەرمانەكان دەباتە بەریتانیا و لەوێ لەتاقیگەیەكی پێشكەوتوو پشكنین ئەنجام دەدات.
د. رێباز گوتیشی: لەمیانەی كۆبونەوەكەدا لیژنەكەمان جەختی لە ئەوە كردەوە كە پێویستە لیژنەكانی پشكنینی دەرمانخانەكان چاوكراوەتر و چڕتر كارەكان ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت دەرمانی خراپ و ئێكسپایەر بەهاووڵاتیان بدرێت.




