پەرلەمانتارێکی کورد: رێکكەوتنی ئەم دوایەی نێوان ھەولێر و بەغدا لە سەر حیسابی ھیچ لایەنێک نەبووە

بەغدا- تایبەت بەKDP.info/ ئازاد ئەبوبەکر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی بەkdp.info راگەیاند: ئەو رێکكەوتنەی لە نێوان شاندی کوردی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی لە گەڵنوری مالیکی کراوە، لەسەر حیسابی ھیچ لایەنێک نەبووە و لە بەرژەوەندی ھەموو خەڵکی عێراق دابووە.
ئازاد ئەبو بەکر گوتیشی: ئەگەر تەماشای ھەموو خاڵاکانی رێکكەوتنەکە بکەین دیارە کە لە بەرژەوەندی ھەموو عێراق دایە، بۆ نمونە یاسای نەوت و غاز کە لە بەرژوەندی ھەموو عێراق دایە و بەشێک لە پارێزگا سوننەکانیش سودی لێدەبینن وەکو کورد و تەواوی خاڵەکانی دیکەش بەھەمان شێوە، بەڵام ئەوەی زیاتر وا دەزانی ئەم رێکكەوتنە لە سەر حیسابی ئەوانە سوننەکانە کە ئەمەش راست نییە.
ئەبوبەکر راشیگەیاند: سوننەکانی زیاتر تێبینیان لە سەر یاسای راستکردنەوەی سنورەکان ھەیە، کە ئەمەش دژی ئەوان نییە، چونکە لە کاتی خۆی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بەشێک بوونە لە کوردستان، بەڵام رژێمی بەعس بە زۆر ئەو ناوچانەی دابراندووە ئەمەش واقعە ناکرێ نکۆڵی لێبکرێت، بۆیە ئەو رێکكەوتنانە ئەگەر جێبەجێ بکرێت سودی بۆ ھەموو عێراق ھەیە و لە سەر حیسابی ھیچ لایەنێک نییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەند پەرلەمانتارێکی لیستی عێراقییە پێیان وایە ئەو رێکكەوتنەی لە نێوان ھەرێم و بەغدا کراوە لە سەر حیسابی سوننەکان بووە.
پێش چەند رۆژێک شاندێکی باڵای ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردو رێکكەوتنێکی حەوت خاڵیان لە گەڵ نوری مالیکی ئیمزاکرد و بەرای چاودێرانیش ئەگەر ئەم رێکكەوتنە جێبەجێبکرێت بەشێکی زۆری قەیرانی سیاسی چارەسەردەکرێت.




