سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارتە سیاسییە كوردییەكانی سووریا كۆبۆوە

ئەمڕۆ شەممە 4ـی 5ـی 2013 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەر پانزدە لایەنی سیاسیی كوردی نێو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا كۆبوویەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا لایەنە سیاسییە كوردییەكانی سووریا سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانییان كرد لە گرنگیدان بە دۆزی ڕەوای كورد لە سووریا و كۆكردنەوەی لایەنە كوردییەكان و هەوڵدانی بەڕێزیان بۆ یەكخستنی گوتاری لایەنە كوردییەكان لە ماوەی ڕابردوو و هەروەها ڕێككەوتننامەی هەولێر كە بە سەرپەرشتی و ڕێنمایی سەرۆك بارزانی لەنێوان لایەنە كوردییەكانی سووریادا بەسترا. لە بەشێكی دیكەی دانیشتنەكەدا لایەنە كوردییەكانی سووریا یەكهەڵوێستی و كۆدەنگیی خۆیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و ئامادەیی خۆیشیان پیشاندا بۆ پابەندبوون بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی هەولێر.
لە بەرانبەریشدا سەرۆك بارزانی سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە بوونی كۆدەنگی و ڕێككەوتنی نێوان لایەنە كوردییەكانی سووریا و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی ڕاگەیاند بۆ پاڵپشتیی بەردەوامی دۆزی ڕەوای گەلی كورد لە سووریا و گوتی: ئێستاكە دەرفەتێكی زێڕینە بۆ كورد لە سووریا و پێویستە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردی لە سووریا بە ڕۆحێكی برایانە و نیشتیمانپەروەر و نەتەوەیی لەگەڵ یەكتردا بن و ئامانجی سەرەكییان پێشخستنی دۆزی گەلی كورد بێت لە سووریا نەك هەوڵدان بۆ خۆسەپاندن و تێكدانی یەكڕیزیی لایەنەكان. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی بەرانبەر بە داهاتووی گەلی كورد زۆر گەشبین بوو و یەكڕیزی و برایەتی و بوونی ستراتیژییەكی ڕوونی بە مەرجی سەرەكیی سەرخستنی داوا ڕەواكانی گەلی كوردی زانی لە سووریا.
شایانی باسە لایەنە سیاسییە كوردییەكان بەر لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆك بارزانی ڕاگەیێندراوێكیان بڵاو كردەوە كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
بەیاننامەی هاوبەشی پارتەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی لە سوریا
بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان
سڵاوی رێزو شكۆمەندی..
لەگەڵ تەواوبوونی كۆبوونەوەكەمان لە هەولێر، بۆ تاوتوێكردنی رەوشی ئێستای ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردیی و هەڵسەنگاندن و جێبەجێكردنی بەندەكانی رێككەوتنامەی هەولێر، كە بەسەرپەرشتی جەنابتان هاتە كایەوە، سڵاوو رێزی خۆمان بۆ جەنابتان دەردەبڕین بەرامبەر ئەو بایەخ و كۆششەی بۆ دۆزی گەلی كوردمان لە سوریا نواندووتانە، هەروەها ئەو پاڵپشتی و یارمەتییەی پێشكەشی رۆڵەكانی دەكەن لەم بارودۆخە هەستیارەی كە پێیدا تێدەپەڕین.
ئێمە متمانەی تەواومان هەیە كە ئەم چاودێرییەی جەنابتان بۆ ئێمە بەردەوام دەبێت، رێنوێنییەكانتان وەكو رێبەرێكی كارە بۆ ئێمە لەپێناو وەدیهێنان و پاراستنی مافەكانی گەلی كورد.
دووبارە سڵاومان بۆتان هەیە و هیوای سەركەوتن و لەشساغیتان بۆ دەخوازین.
1- پارتی دیموكراتی كوردی لە سوریا (پارتی)
2- پارتی نیشتمانی دیموكراتی كوردی لە سوریا
3- پارتی یەكێتی كوردی لە سوریا
4- بزووتنەوەی چاكسازی
5- پارتی ئازادی كوردی لە سوریا
6- پارتی دیموكراتی كوردی لە سوریا (پارتی) نەسرەدین ابراهیم
7- پارتی چەپی كوردی لە سوریا
8- پارتی یەكێتی كوردستان/سوریا
9- پارتی ویفاقی دیموكراتی كوردی سوری
10- پارتی دیموكراتی كوردی سوریا
11- پارتی یەكسانی دیموكراتی كوردی لە سوریا
12- پارتی یەكێتی دیموكراتی كوردی فی سوریا (یەكیتی)
13- چەپی دیموكراتی كوردی لە سوریا
14- پارتی ئازادی كوردی لە سوریا
هەولێر
30/4/2013




