نەدیمە کەچان: رۆژ بەرۆژ رەوشی ئەمنی موسڵ خراپتر دەبێت

موسڵ- تایبەت بەKDP.info/ نەدیمە کەچان ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ لەسەر لیستی برایەتی نەینەوا بەkdp.infoراگەیاند: رەوشی پارێزگای موسڵ ماوەی مانگێکە زۆر خراپ بووە و ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەراندەوە، کە ھەماھەنگی لە نێوان ھێزە ئەمنییەکان و خەڵکی ئەم شارە نییە.
نەدیمە کەچان گوتیشی: رۆژانە تەقینەوە لەم شارە روودەدات و کاریگەرییەکی زۆری کردۆتە سەر ئابوری خەڵکی ئەم شارە، بەجۆرێک ئێستا قەیرانێکی گەورەی سوتەمەنی ھەیە بەتایبەتی بەنزین ، چونکە پێشتر رۆژانە زیاتر لەدوو ملیۆن لیتر بەنزین بەشی پارێزگای موسڵ دەدرا، بەڵام ماوەیەک لەمەو پێش ئەو تەنکەرانەی کە بەنزینیان دەھێنا ھەڕەشەیان لێکرا و ناوێرن بەنزین لە بێجی بۆ موسڵ بھێنن، بۆیە ئێستا لەھەوڵیئەوەدان رێکكەوتنێک لە گەڵ پاڵاوگەی خەبات بکەن بۆ ئەوەی ئەم کێشەی پێ چارەسەر بکەن.
کەچان راشیگەیاند: ئەگەر بارودۆخی ئەمنی ئەوشارە بەم شێوەیە بێت، ئەستەمە لە مانگی تەموزیش ھەڵبژاردن بەرێوە بچێت، چونکە لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ھاتووە، ئەگەر رەوشی ئەمنی باش بێت رەنگە زوتر لەو وادەیە ھەلبژاردن بەرێوەبچێت، گەر نا زهحمەتە لە مانگی تەموزیش بەڕێوە بچێت.
بەبیانوی نالەباری رەوشی ئەمنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی لە ھەردوو پارێزگای موسڵ و ئەنبار دواخست، دواتر چواری تەموزی دیاریکرد بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لەم دوو پارێزگایە بەرێوە بچێت بەمەرجێک رەوشی ئەمنی ئەو دوو پارێزگایە لەبار بێت بۆ ھەلبژاردن.




