كورد 5 كورسی لەپارێزگاكانی بەغدا و دیالە و سەڵاحەدین بەدەستهێنا

عێراق - KDP.info / لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عێراق ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی راگەیەند ا و كوردیش پێنجی كورسی لەپارێزگاكانی بەغداو دیالە و سەڵاحەدین بەدەستهێنا. لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا میقداد شەریفی سەرۆكی بازنەی هەڵبژاردن لەكۆمسیۆن ، ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی راگەیاند و بەپێی ئەو ئەنجامانە لیستی دەوڵەتی قانون بەسەرۆكایەتی نوری مالكی 20 كورسی لەئەنجومەنی پارێزگای بەغدا بەدەستهێناوە و لیستی موتەحیدون بەسەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی 7 كورسی و كوتلەی مواتن 6 كورسی و كوتلەی ئەحرار 5 كورسی بەدەستهێناوە, هەروەها ویداد رەحیم كاندیدی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان لە لیستی برایەتی كوردە فەیلیەكان كورسیەكی لە پارێزگای بەغدا بەدەستهێنا. هەروەها لەپارێزگای دیالە, هاوپەیمانی دیالەی نیشتمانی بەپلەی یەكەم هات و توانی 12 كورسی بەدەستبهێنێت و لیستی عیراقیە 10 كورسی و لیستی هاوپەیمانی برایەتی و پێكەوەژیان سێ كورسی بەدەستهێنا كەدوانیان كاندیدی ی.ن.ك بوون لەو لیستە بەناوەكانی زاهید تاهیر خەلیل و كەریم عەلی محەمەد. بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق, هاوپەیمانی جەماهیری عیراقیە 7 كورسی لەئەنجومەنی پارێزگاكانی سەڵاحەدین بەدەستهێنا و هەریەك لە هاوپەیمانی موتەحیدون و عیراقی ئەسالە 5 كورسی و هاوپەیمانی عیراقیەی نیشتمانی 3 كورسی و لیستی هاوپەیمانی برایەتی و پێكەوەژیانیش كورسیەكی بەدەستهێنا.




