ئیسرائیل چەند مووشەکێکی ئاراستەی نێو خاکی سوریا کرد

سوریا - KDP.info /هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل چەند مووشەکێکیان ئاراستەی نێو خاکی سوریا کردووە، کەناڵی هەواڵی CNNی ئەمریکی لەسەر زاری بەرپرسانی فەرمی ئەمریکا رایگەیاند : ئیسرائیل چەند مووشەکێکی ئاراستەی نێو خاکی سوریا کردووە، بە پێی زانیاری دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا، ئەم هێرشە لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی ئەنجام دراوە. بە گوتەی ئەم بەرپرسە ئەمنییانە، فرۆکەکانی ئیسرائیل نەڕۆشتوونەتە نێو ئاسمانی سوریا، بەڵکو ئەو هێرشە لە خاکی لوبنانەوە کراوە، بە پێی ئەو راپۆرتە، ئامانج لەو هێرشە کارگەیەکی دروستکردنی چەک یان کاروانێکی گواستنەوەی چەکە لە سوریاوە بۆ لای هێزەکانی حیزبوڵای لوبنان بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە هیچ یەک لە بەرپرسانی فەرمی وڵاتانی ئەمەریکا، ئیسرائیل و سوریا ئەو هەواڵەیان پشتراست نەکردووەتەوە، لای خۆشییەوە، سوپای سوریا رایگەیاندبوو، لەو هێرشەدا دوو کەس کوژران و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.




