کۆمسیۆن رەتیدەکاتەوە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمانی کوردستان دوابخرێن

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ سەربەست مستەفا سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەلبژاردنەکانی عێراق بەkdp.infoراگەیاند: ئەو ھەواڵانەی باس لە دواخستنی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمان دەکەن دوورن لە راستی و ھەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆی بەرێوە دەچێت.
سەربەست مستەفا گوتیشی: ھەر لێدوانێک لە دەرەوەی کۆمسیۆن بدرێت بەرای فەرمی کۆمسیۆن ھەژمار ناکرێت و دەچێتە چوارچێوەی رای شەخسی و تەنھا رای سەرۆکی کۆمسیۆن و وتەبێژەکەی رای فەرمی کۆمسیۆنە.
مستەفا گوتیشی: بۆ دابینکردنی بودجە بۆ ھەلبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمان نوسراوێکی فەرمیان ئاراستەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووەو تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە و رەنگە ھۆکارەکەشی چوونی شاندی کوردی بێت بۆ بەغدا، بەڵام رەنگە لە کاتێکی نزیکدا بودجەکە دابین بکرێت.
سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنەکان ناوبراو گوتی: بڕیارە رۆژی چوارشەممە شاندێکی کۆمسیۆن سەردانی کوردستان بکات و لە گەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبێتەوە بۆ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان.
ئەمەش لە کاتێک دایە سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەگەر لە ماوەیەکی کورتدا بودجە بۆ ھەلبژاردنەکان دابین نەکرێت، دوادەخرێت و لەوادەی خۆی بەرێوە ناچێت.
بریارە رۆژی 21مانگی ئەیلولی ئەمساڵ ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەرێوە بچێت.




