نوێنەری سەدر لە كەركووك: سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی گرنگ لە نەهێشتنی ململانێكاندا دەگێڕێت

کەرکوک - هەژار ڕەشید
نوێنەری سەدر لە كەركووك، دەڵێت كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی هەوڵێكی زۆر و جیددیی داوە بۆ چارەكردنی كێشەكانی ئێستای عێراق. ڕوونیشی دەكاتەوە: “بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ وەرگرتنەوەی متمانەین لە سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق نووری مالیكی.
نوێنەری سەدر لە كەركووك شێخ ڕەعەد سەخری گوتی: “ئێمە بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ وەرگرتنەوەی متمانەین لە سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق نووری مالیكی و پابەندی بەندەكانی لیستی سەدرین كە بۆ سەندنەوەی متمانەكە كردوویانە، چونكە مالیكی ڕۆڵی دیكتاتۆر لە عێراقدا دەبینێت.”
ئەو ڕوونیشی كردەوە: “بەو پێیەی سەرۆكوەزیران لە ئێستادا نەیتوانیوە خزمەتی گەلی عێراق بكات و بگرە بووەتە كێشەیش بۆ وڵاتەكە، بۆیە موقتەدا سەدر و سەدرییەكان داوای گۆڕینی مالیكی دەكەن و ئێمەیش بە هەموو شێوەك لەگەڵ گۆڕینیداین.”
ڕەعەد سەخری هەروەها ئاماژەی دا: “لە دوای گۆڕینی مالیكی عێراق لە زۆر لایەنەوە جیاوازییەكی زۆر بە خۆیەوە دەبینێت و دڵنیام بەشێك لە كێشە و ململانێیەكانیشی چارە دەبن، هەروەها سەرۆكی هەرێمیش هەوڵێكی زۆر و جیددیی داوە بۆ چارەكردنی كێشەكان و لە داهاتوودا ڕۆڵێكی باش دەگێڕێت لە نەهێشتنی ململانێیەكانی نێوان پێكهاتەكانی عێراق.”
لە بارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكەوە، نوێنەری سەدر لە كەركووك گوتی: “ئێمە وەك لیستی سەدری لە شاری كەركووك بە هەموو شێوەك لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین لە شارەكەدا و بێگومانیش بە شێوەی هاوپەیمانی بەشداری لە هەڵبژاردندا دەكەین، بەڵام تا ئێستا بڕیارمان نەداوە لەگەڵ چ لستێكدا هاوپەیمانی دەكەین، لەگەڵ هەموو لایەنەكانیشدا نزیكین ئەگەر كورد بێت یانیش عەرەب یاخود توركمان.
گوتیشی: “لەم هەڵبژادنەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكدا، نوێنەری لیستی سەدری دەبێت، پێشتریش دیكتاتۆریی مالیكی و هێزە داگیركەرەكان، وای كرد كە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و پەرلەماندا نوێنەرمان نەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە بۆ ئەم هەڵبژاردنەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، چەند نوێنەرێكمان دەبێت.”
لە بارەی ئامادەكردنی هێزی سەدری بەرانبەر بە هێزەكانی مالیكی لە كاتی نائاساییدا، نوێنەری سەدر لە كەركووك ڕایگەیاند: “بە هیچ شێوەیەك هێزەكانمان بەرانبەر بە هێزی مالیكی لە ئامادەباشیدا نین و ئەو كێشەیە نایەتە ناو شەقامەوە بۆ ئەوەی توندوتیژیی لێ بكەوێتەوە، تاكوو ئێستایش هیچ جووڵەیەك لەسەر ئاستی جەماوەری نییە نە هێزی مالیكی و نە هێزی سەدر، بەڵكوو كێشەی لابردن یان لانەبردنی مالیكییە ئەویش لە نێوان سیاسەتمەدارەكاندا كۆتایی پێ دێت.”




