عیساوی: مالیکی دەیەوێت سوننە داوای هەرێمی سەربەخۆ بکات

عێراق - KDP.info / رافع عیساوی وەزیری دارایی دەست لەكاركێشاوە و ئەحمەد عەلوانی پەرلەمانتار لەكوتلەی عیراقییەپێیان وایە کە ئەو سیاسەتانەی نوری مالیكی سەرۆك وەزیران پەیڕەوی دەکات بۆ پەراوێزخستنی لایەنەكانی تر دەبنە هۆی دروستبوونی هەرێمێکی سەربەخۆی رۆژئاوا لە عێراقدا. رافع عیساوی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا رایگەیاند: سیاسەتەكانی مالكی هەڵەن و هەمووان ناچار دەكات کە کار بۆ هێنانەکایەی هەرێمێكی سەربەخۆ لە ناوچەكانی رۆژئاوای عێراق بکەن و ڕازی بین. عیساوی لەو بڕوایەدایە بابەتی پێكهێنانی هەرێمی سوننە، پارێزگاكانی ئەنبار و نەینەوا دابەش دەكات و گوتیشی: قۆناغی توندوتیژیمان تێپەڕاند و پەند و وانەشمان لێوەرگرتووە، بەڵام مالیكی بۆ ئەوەی دەسەڵاتی لەدەستدا بمێنێتەوە پەنای بۆ رووبەڕووبوونەوە و شەڕ بردووە. لەلایەكی ترەوە پەرلەمانتار ئەحمەد عەلوانی بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاند دوو ساڵ لەمەوبەر پرۆژەی پێكهێنانی هەرێمی سوننەی پێشنیار كردووە و ئیمزای بۆ ئەو بابەتە كۆكردۆتەوە، بەڵام خەڵكی ئەنبار و سەرۆك هۆز و زانایانی ئایینی و سیاسییەكانی ئەو ناوچەیە ئێستە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی لە ئەنجامی سیاسەتەكانی مالكییەوە پەراوێز دەخرێن و بێبەش دەكرێن لە دامەزراندن و هاوسەنگی نیشتمانی، راشیگەیاند کە پێكهێنانی هەرێمەكان مەسەلەیەكی دەستورییە، بەڵام ئەوانەی دەستوریان داڕشتووە و عێراق بەدەوڵەتێكی ئیتیحادی ناو دەبەن دژی دەستور كار دەكەن.




