٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی لیستی ئەلعێراقییە و شاندێكی یاوەری كرد

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ـی ئایاری 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەیاد عەللاوی سەرۆكی لیستی ئەلعراقییە و شاندێكی یاوەری كرد.

 

لە دیدارێكدا بە تێر و تەسەلی باسی دوا گۆڕانكارییە سیاسییەكانی نێو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق كرا و شاندی میوان هەڵوێستی خۆیان لەمەر دواپێشهات و ڕەهەندەكانی قەیرانی ئێستای عێراق بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند. لە بەرانبەریشدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆكی لیستی ئەلعراقییە و شاندی میوان بۆچوونی سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستانی لەبارەی بارودۆخی ئێستای عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ شاندی میوان باس كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك نابێ هیچ پێكهاتەیەكی عێراقی پەراوێز بخرێت و پێویستە چیتر لە عێراق ڕێگە نەدرێت تاكڕۆیی لە دەستەڵاتدا بكرێت.

 

پڕەنسیپە نەگۆڕەكانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و هەر دوولا لە سەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە هەماهەنگی و هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی لەنێو پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هەبێ و نابێ بە هیچ جۆرێكیش سوپا بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسییە نێوخۆییەكانی وڵات بەكار بهێنرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار