مەسرور بارزانی: كاتی خۆ ئامادەكردنە بۆ سەركەوتن و دەستكەوتی زیاتر

هەولێر - KDP.info/ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ رێزدار مەسرور بارزانی،پێشوازیكرد لە دەستەی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان.
لە دانیشتنێكدا كە ساسان عەونی بەرپرسی دەستەی جەماوەرییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوو، شاندی ناوبراو كورتەیەكیان لە كار و چالاكییەكانی یەكێتیەكەیان پێشكەشكرد.
رێزدار مەسرور بارزانی دوای بەخێرهێنانیان رایگەیاند: یەكێتی قوتابیانی كوردستان ئەو رێكخراوە تێكۆشەرەیە كە تێیدا بەشداربووین و ژیانی سیاسی زۆربەمان لێرەوە دەستی پێكردووە، بۆیە ئێستەش بە رێكخراوی خۆمانی دەزانین و پاڵپشتی تەواوی دەكەین.
هەروەها راشیگەیاند: پێویستە یەكێتی قوتابیانی كوردستان بە پێی بەرنامە و پلانی نوێ زیاتر خزمەتی توێژی قوتابیان بكات و هاندەربێت بۆ پێشخستنی ئاستی زانستی لە كوردستان و لەم رووەشەوە هاوكاری تەواوی خۆی بۆیان دووپاتكردەوە.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا رێزدار مەسرور بارزانی بارودۆخ و گۆڕانكارییەكانی ئێستەی ناوچەكەی بە هەلێكی دیكە بۆ گەلی كوردستان وەسفكرد و گوتی: بارودۆخێكی لەبار بۆ گەلی كوردستان بەگشتی هاتۆتە پێشەوە و ئاسۆمان روونە، پێویستە هەموومان بە گیانی نیشتمانپەروەرانەوە یەكڕیزیمان بپارێزین، چونكە ئێستە كاتی خۆ ئامادەكردنە بۆ سەركەوتن و دەستكەوتی زیاتر.




