محەمەد ئاڵتان: توركیا دەبێتە جێگای سەرنجی گەلی كورد

ئەستەنبووڵ- KDP.info/ نووسەر و ئەكادیمی ناوداری توركیا محەمەد ئاڵتان لە سیمینارێكدا رایگەیاند كە ئەگەر توركیا بتوانێت پرسی كورد لە نێو خۆیدا چارەسەر بكات ئەوا توركیا دەبێتە جێگای سەرنجی كوردانی پارچەكانی دیكە.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی دیاربەكر خەبەر ئاماژەی بەوە كردووە كە نووسەر و ئەكادیمنی تورك محەمەد ئاڵتان لە سیمینارێكدا كە لە لایەن ناوەندی كارسازانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و رێكخراوی مرۆڤە گەنجەكانەوە رێكخراوە باسی پرسی كورد و دەرئەنجامەكانی چارەسەری ئەم پرسەی لە توركیا كردووە.
محەمەد ئاڵتان ئاماژەی بەوە داوە كە شەڕی سی ساڵەی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیا و قەدەغەكارییەكانی بەردەم ناسنامە و كلتووری كوردی بووەتە هۆكاری ئەوەی كە نەتەنیا كوردانی توركیا بەڵكو كوردانی وڵاتانی دیكەیش رەقیان لە توركیا و سیستەمی سیاسی توركیا ببێتەوە. بەڵام ئەگەر توركیا بتوانێت پرسی كورد لە نێو خۆیدا چارەسەر بكات ئەوا توركیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەبێتە جێگای سەرنجی كوردانی وڵاتانی دیكە.
محەمەد ئاڵتان لە درێژەی وتەكانیدا جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە نەتەوەی كورد وەكو گەورەترین نەتەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراست تا ئێستا بەبێ دەوڵەت بووە و توركیا دەتوانێت بە چارەسەر كردنی پرسی كورد خۆشتەویستی زیاتر لە 40 میلیون كورد بۆ لای خۆی رابكێشێت و ئەمەیش دەبێتە فاكتەرێكی سەرەكە بۆ بەهێز بوونی توركیا لە ناوچەكە و لە جیهاندا.




