ئەشواق جاف: ناكرێ كرێكاران لەرۆژێكدا یادیان بكرێتەوە و هەموو رۆژێكیشیان لەمەترسیدا بێ

سلێمانی – KDP.info/ ئەندامێكی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەنێ ناكرێ كرێكاران تەنیا لەیەك رۆژدا بخرێنە بەرباس بۆداكۆكیكردن لەژیان و گوزەرانیان لەكاتێكدا لەزۆرێك مافی سەرەتاییان بێ بەش بن.
ئەشواق جاف ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە KDP.infoرایگەیاند: ناكرێ تەنیا لەیەكی ئایاردا بیری ژینی كرێكارانمان بكەوێتەوە و خۆپیشاندان و چالاكی مەدەنی بۆ ساز بكەین بەڵكو پێویستە كاربۆ كۆدەنگییەك بكەین تا بەیاسا مافەكانیان رێكبخەین و چونكە ژیانی كرێكاران لەزۆرێك لەشوێنەكانی كاردا لەمەترسیدا یا لەچەندین مافی سەرەتایی بێ بەش كراون.
ئەوەشی گوت : تائێستا شوێنەكانی كاركرد بەتایبەت لەبواری بیناسازیدا شوێنێكی مەترسیدارن بۆ كرێكاران بەو هۆیەی مەرجەكانی سەلامەتی تێدا نییە ئامارەكانیش باشترین بەڵگەن لەم رووەوە كە چۆن كرێكاران بەهۆی نەبوونی مەرجەكانی سەلامەتییەوە گیانیان لەدەست دەدەن.
باسی لەوەش كرد : داواكارم لە لەپەرلەمان و حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و هەموو لایەنە پەیوەندارەكان لەسەندیكا و كۆمەڵە و گروپی كرێكاران و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كەبەهەموولایەكمان كۆدەنگییەك دروست بكەین بۆ دابین كردنی سەلامەتی كرێكاران لەشوێنی كارەكانیان.
باسی لەوەش كرد: پێویستە ژیانی كرێكاران لەچەند لایەكەوە تەماشا بكرێ بۆ نموونە كرێكار بێ داهاتوو نەبێ تەمەنێك دیاریبكرێ بۆ ئەوانەی بەفەڕمی كرێكارن تا خانەنشینیان بۆ بكرێ ئەمە سەرەڕای كەمئەندام بوونی لەكاتی كاردا پێویستە ژیانی بۆ دابین بكرێ، لەگەڵ ئەوەی كرێكارێك گیان لەدەستدەدات ئەوا ژمارەیەك منداڵی بێ سەرپەشت و بێوەژنێك جێدەهێڵێ پێویستە ژیانی ئەوانیش فەرامۆش نەكرێ.




