گۆلتەن كشناك: پێویستە كۆتایی بە دوزەكانی كەجەكە بهێنرێت

ئەستەنبووڵKDP.info/ هاوسەرۆكی بەدەپە گۆلتەن كشناك لە كونگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەردەم دادگای باڵای ئەستەنبووڵدا داوای كرد كە بە خێرایی كۆتایی بە دوزەكانی كەجەكە بهێنرێت و هەر هەمووی گیراوەكانی ئەم دوزە ئازاد بكرن.
بە پێ هەواڵێكی ماڵپەڕی دیاربەكر خەبەر هاوسەرۆكی بەدەپە گۆلتەن كشناك لەم كونگرە رۆژنامەوانییەدا داوای لە ئەنجومەنی دادوەری توركیا و سەرۆك وەزیری توركیا كردووە كە وەكو هەنگاوێك بۆ بەرەو پێش بردنی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد، بە خێرایی كۆتایی بە دوزەكانی كەجەكە بهێنن و هەر هەمووی گیراوەكانی ئەم دوزە ئازاد بكەن.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە گۆلتەن كشناك ئازاد كردنی گیراوەكانی دوزی كەجەكەی لەم قۆناخەدا بە گرنگ وەسف كردووە و وتوویەتی: ئازاد كردنی گیراوەكانی دوزی كەجەكە دەبێتە هۆكاری بەهێزتر كردنی متمانەی رای گشتی گەلی كورد بە هەنگاوەكانی حكوومەتی توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد و هاوكات دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە رای گشتی گەلی كورد بەو پەڕی هێزی خۆیەوە پشتگیری لە هەنگاوەكانی حكوومەت بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد بكات.




