ئەردۆغان: كەس لە ئاشتی زەرەری نەكردووە و ئێمەیش زەرەر ناكەین

ئهنقهره- KDP.info/ سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان رۆژی سێ شەممە لە گرووپی پارتەكەی خۆی لە پەرلەمانی توركیادا وتەیەكی پێشكەش كرد و رایگەیاند كە تا ئێستا كە لە جیهاندا لە ئاشتی زەرەرمەند نەبووە و توركیایش لە ئاشتی و ئاشتەوایی زەرەر ناكات.
كاناڵی 24ی توركی رایگەیاند كە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان لە كۆبوونەوەكەدا رەخنەی توندی ئاراستەی پارتە ئوپوزسیونەكانی توركیا كردووە و وتوویەتی: هەر دوو پارتی ئوپوزسیونی توركیا بە هۆی ئەوەیەوە كە فێر بوونە كە لە سەر خوێنی سەربازەكان سیاسەت بكەن و درێژە بە تەمەنی خۆیان بدەن، پێیان ناخۆشە كە رژاندنی خوێن لە توركیا رابگیردرێت و چەكەكان بێدەنگ بكرن.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەردۆغان لە بەشێكی دیكەی وتەكانی خۆیدا جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە پارتی داد و گەشە پێدان سوورە لە سەر هەوڵدانەكانی خۆی بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد و دیموكراتیزە كردنی توركیا و دەیەوێ ئاشتی و ئاشتەوایی لە سەرانسەری وڵاتدا بەرقەرار بكات و ئاكەپە پێ وایە كە سوودی هەر هەمووی پێكهاتەكانی توركیا لە نێو ئاشتی و ئاشتەوایی دایە.
ئەردوغان باسی ئەوەی كردووە كە ئەگەر 20 ساڵ یا 15 ساڵ پێشتر پرسی كورد چارەسەر كرابایا ئەوا ئەمرۆ توركیا یەكێك دەبوو لە زلهێزە ئابوورییەكانی جیهان بەڵام بە هۆی ئەم پرسەوە تا ئێستایش هێشتاكە هەر قەرزداری سەندوقی دراوی جیهانییە و بۆیە ئێمە دەمانەوێ خۆمان لە قەرز و قەرزدارییە رزگار بكەین و ئاشتی باڵ بە سەر توركیادا بكێشێت، چونكە تا ئێستا كەس لە ئاشتی زەرەرمەند نەبووە و توركیایش زەرەرمەند نابێت.




