٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانی كوردستان سێ ماددەی لە پێشنیاری یاسای هەمواركردنی سێیەمی یاسای ماف وئیمتیازاتی كەس وكاری شەهید وئەنفالكراوەكان لەهەرێمی كوردستان پەسەند كرد

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر- KDP.info/ سەعات 11ی پێشنیوەرۆی ئەمرۆ 30/4/2013 بەسەرۆكایەتی د. حەسەن محمد سورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بە ئامادەبوونی فرسەت ئەحمەد سكرتێری پەرلەمان دانیشتنی ژمارە 13ی ئاسایی خولی گرێدانی دووەم ساڵی چوارەم لە خولی سێیەمی هەڵبژاردن بەرێوەچوو.

سەرەتای دانیشتنەكە كە بە ئامادەبوونی ئارام ئەحمەد وەزیری شەهیدان وئەنفالكراوان بەرێوەچوو جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی خوێندەوە كە بریتی بوو لە بەردەوامبوون لەسەر گفتوگۆكردنی پێشنیاری یاسای هەمواركردنی سێیەمی یاسای ماف وئیمتیازاتی كەس وكاری شەهید وئەنفالكراوەكان لەهەرێمی كوردستان وخاڵی دووەمی بەرنامەی كار بریتی بوو لەخستنەروو وگفتوگۆكردنی پرۆژە یاسای پاراستنی تەندروستی دەروونی لەهەرێمی كوردستان–عێراق.

بەپێی خاڵی یەكەمی بەرنامەی كار كە تایبەت بوو بە بەردەوامبوون لەسەر گفتوگۆكردنی پێشنیاری یاسای هەمواركردنی سێیەمی یاسای ماف وئیمتیازاتی كەس وكاری شەهید وئەنفالكراوەكان لەهەرێمی كوردستان جێگری سەرۆكی پەرلەمان داوای لەلیژنەكانی كاروباری پیشمەرگە وشەهیدان ولیژنەی كاروباری یاسایی كرد بێنە شوێنی تایبەتی خۆیان بۆ خوێندنەوەی ماددە و برگەكانی هەمواركردنەوەی یاساكە .پاشان ماددەی یەكەمی پرۆژە یاساكە كە تایبەت بوو بە پێناسەی شەهید وكەسوكاری شەهیدو ئەنفالكراوەكان كەئەمەش لەدانیشتنی دوێنێ گفتوگۆی لەسەر كرابوو خستە دەنگدانەوە بە زۆرینەی دەنگ پەسەندكرا، پاشان لەلایەن لیژنەی هاوبەشەوە ماددەی دووەم خوێندرایەوە كە تیایدا مەرجەكانی سەلماندنی ئەو كەسانەی كە ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە هاتووە، دوای گفتوگۆیەكی تێروتەسەل جێگری سەرۆكی پەرلەمان خستیە دەنگدانەوە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كرا، لەماددەی سێیەمی پرۆژەكەشدا كە بە هەردوو زمانی عەرەبی وكوردی خوێندرایەوە تیایدا هاتووە باس لەدروستكردنی لیژنەیەكی تایبەتمەند دەكات بۆ ئەو تانەو سكاڵایانەی كە لەلایەن كەس وكاری شەهیدانەوە پێشكەش دەكرێت دوای گفتوگۆیەكی تێروتەسەل و وەرگرتنی رای پەرلەمانتاران بریاردرا ماوەی تانە گرتن لە 30 رۆژەوە بكرێت بە 60 رۆژ و بە زۆرینەی دەنگ ئەم ماددەیەش پەسەند كرا، لە مادەی چوارەمی پرۆژەكە كە تایبەت بوو بە پێدانی موچە بە كەس وكاری شەهیدان لەلایەن جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە دەرگای گفتوگۆ واڵا كرا وچەند ئەندامێكی پەرلەمان سەبارەت بەم ماددەیە رای خۆیان دەربڕی پاشان رای لیژنەی هاوبەش لەوبارەوە خرایەڕوو دواتر وەزیری شەهیدان پێشنیاری خۆی سەبارەت بەم ماددەیە خستەڕوو، لەبەر بۆچوونی رای جیاواز سەبارەت بەم ماددەیە ودووبارە دارشتنەوەی ماددەی چوار لەلایەن لیژنەی هاوبەشەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی بە دانیشتنی ئەمرۆ هێنا بۆ رۆژی دووشەممەی داهاتوو.

هەواڵی پەیوەندیدار