٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانیی كرێكارانەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەموو ساڵێ لە سەرتاسەری جیهاندا، لە یەكی ئایاردا، رۆژی جیهانیی كرێكاران بەرز و بەڕێز رادەگیرێ و جەخت لەسەر بەها و مانا نێونەتەوەییەكانی دەكرێتەوە.

ئێمەیش لە هەرێمی كوردستان بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرجەم كرێكارانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەین و سڵاو بۆ كرێكارانی بیر و بازوو دەنێرین كە سەرقافڵەی كاروانی پێشكەوتن و گەشەپێدانی كوردستانەكەمانن. هەروەها درود بۆ گیانی ئەو كرێكارانە دەنێرین كە لە خەباتی رزگاریخوازیی نیشتمانی و لە بونیاتنانی وڵاتدا گیانیان بەخشیوە.

لەلای ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، كرێكاران چی وەكوو چینێكی كۆمەڵایەتی، چی وەكوو داینەمۆی بونیاتنانی ژێرخان و دامەزرێنەری بناغەی پێشكەوتن و گەشەكردنی ئەمڕ و ئایندەی وڵات، بە بایەخەوە دەڕوانینە رۆڵ و ئەرك مافیان، بۆیە لە هەموو قۆناغ و پرسێكدا پشیوانی خۆمانیان بۆ دووپاتدەكەینەوە.

لە رۆژگاری ئەمڕۆشدا جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە پێویستە پەرلەمانی كوردستان و نوێنەرانی كوردیش لە پەرلەمانی عێراق چالاكانە كار بكەن بۆ هەمواركردنی هەموو ئەو یاسایانەی پەیوەندیدارن بە كار و مووچە و كرێ و گوزەران و سەلامەتی پیشەیی كرێكارانەوە و لە هەر بوارێكیشدا هێشتا یاسا دەرنەكراوە كار بكەن بۆ دەركردنی یاسای پیچشكەوتنخوازانە كە خزمەتی پرس و مافی كرێكاران بكات.

پەرەسەندن و گەشەكردنی هەرێمی كوردستان و جووڵەی بازاڕی كار، ئەركی ئەوە دەخاتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم كە ستراتیژێكی گونجاوی بۆ كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت و بوارە جیاجیاكانی چالاكی ئابووری لە كشتوكاڵ و پیشەسازی و خزمەتگوزاریی و گەشتیاری هەبێ، بۆئەوەی سوودی تەواو لە هێزی كار و سامانی مرۆیی كوردستان وەرگیرێ. بنەمای ئەم ستراتیژە دۆزینەوە و فەراهەمكردنی دەرفەتی راستەقینەی كارە كە بتوانێ هێزی كاری هەرێمی كوردستان بخاتە مەیدانی كاركردنەوە و رێژەی بێكاری و بێكاری دەمامككراوی ناو دامەزراوەكانی حكومەتیش كەم بكاتەوە.

لە 1 ـی ئایاردا جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە رۆڵی ساندیكای كرێكارن لە چەسپاندن و قووڵكردنەوەی سستمی دیموكراسی و گەشەی سیاسی و مەدەنیدا، رۆڵێكی گرنگ و كاریگەرە، بۆیە بایەخدان بە ساندیكای كرێكاران و كارا كردنی، ئەركێكی لەپێشەوەی ئێستایە و پێویستە پشتگیری خەبات و داوا رەواكانی بكرێ بۆئەوەی ببێتە گەیەنەری راستەقینەی داخوازی كرێكاران بە حكومەتی هەرێم و خاوەنكاران.

دووبارە جەژنی كرێكاران پیرۆزە و هەمیشە رۆژی 1 ـی ئایار بەرز و بەڕێزە

درود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەم چینە لە كوردستان و عێراق و هەموو جیهان

 

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

لە 30 ـی نیسانی 2013

 

هەواڵی پەیوەندیدار