موحسین سەعدون : کەس بۆی نییە حکوومەت و پەرلەمان هەڵوەشینێتەوە

عێراق - KDP.info / هاوپەیمانی کوردستان وای دەبینێت کە ئێستا لە عێراق ئالییەتی یاسایی و دەستوری و سیاسی نییە، تا حکوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبوەشێنرێتەوە و هەڵبژاردنێکی پیشوەختە ئەنجام بدرێت، موحسن سەعدون جێگری سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستانی ئاماژەی دا : کە هیچ کەس بۆی نییە بریاری هەڵوەشانەوەی حکوومەت و پەرلەمان لە عێراق بدات، چونکە بریارێکی لەم شێوەیە، ئەگەر بشدرێت، تەنیا لە رێگای سازانی سیاسی لایەنەکانی نێو پرۆسەی سیاسی پێوست دەبێت، جێگری سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستانی ئەوەشی راگەیاند: بەربەست زۆرن لە جێبەجێکردنی ئەم بریارە، وەک نەبوونی یاسای هەڵبژاردن کە دەبێت لە پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند بکرێت ، هەروەها پرۆژە یاسای حزبەکان ، کە تا ئێستا لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند نەکراوە، ئەمانە گرفتی سەرەکین کە نەتوانرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق ساز بکرێت، موحسین سەعدون هەروەها لە لێدوانەکەیدا ئەوەشی راگەیاند : نابی ئەوەشمان لە بیر بچێت، کە تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان کەمتر لە ساڵێکی ماوە و بۆیە زەڕور نییە ، بریاری هەڵوەشانەوەی حکوومەت و پەرلەمان بدرێت ، پێشتر ئوسامە نوجەیفی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای کرد بوو، حکوومەتی عێراق هەڵوەشیندرێتەوە و لەشوێنی ئەو حکوومەتێکی تەکنوقرات کە لە کەسانی بیلایەن پێک بێت، دامەزرێت.




