نیهات عه‌لی ئۆزجان: پێویسته توركیا هاوکار بێت بۆ به‌ستنه‌وه‌ی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان به‌ئابووریی جیهان

پرۆفیسۆرێكی بواری وزه له توركیا ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، پێویسته توركیا پاڵپشتی ئه‌و ئارامی و سه‌قامگیرییه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات، دواتر بناغه‌ی كاری ئابووری و سیاسی له‌سه‌ر ئه‌وبنه‌مایه دابرێژێته‌وه.
نیهات عه‌لی ئۆزجان پرۆفیسۆری بواری وزه له توركیا له لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری گوڵان كه‌له‌ژماره(883)ی رۆژی 11/6/2012 بڵاوكراوه‌ته‌وه ئاماژه به‌وه ده‌كات پێویسته توركیا پێش هه‌موو شتێك پاڵپشتی سه‌قامگیری و به‌ها دیموكراسییه‌کانی هه‌رێمی كوردستان بكات و له‌هه‌مان كاتیش‌دا پێویسته رێنیشانده‌ربێت بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌ستنه‌وه‌ی ئابووریی ئه‌م هه‌رێمه به ئابووریی جیهان و جێبه‌جێ كردنی هه‌لومه‌رجی پێویست بۆ ئه‌م قۆناغه. ناوبراو ده‌ڵێ: "ئه‌م هه‌نگاوانه قازانجی بۆ هه‌ردوولان هه‌یه، چونكه بوون به‌به‌شێك له ئابووریی جیهان و سه‌قامگیربوونی ئابووریی ناوخۆ شتێك نییه له‌پڕێكدا دروست بێت، به‌ڵكو ئه‌مه پێویستی به‌كات هه‌یه و په‌یوه‌سته به هه‌لومه‌رجی جیۆپۆلیتیكی ناوچه‌كه، هه‌ر بۆ نموونه كاتێك سه‌یری قه‌یرانه‌كانی ئه‌وروپا و رووداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و باری ئێران و ئاڵۆزی سوریا ده‌كه‌ین، ئه‌وا بێگومان به‌هێز بوونی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌م روه‌وه گرنگیی خۆی هه‌یه، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر به‌ستراوبێت به‌ئابووریی جیهانی، ئه‌وا له‌ناوچه‌كه‌دا وه‌ك هاوبه‌ش و هاوتاكتێكی توركیا ده‌رده‌كه‌وێت".




