هاشمی رەفسەنجانی: كێشەی بەرێوەبەرایەتی لە ئێران كێشەیەكی سەرەكییە

تاران- KDP.info/ سەرۆكی لیژنەی دەستنیشانكردنی بەرەژەوەندییەكانی شۆڕشی ئێران و سەرۆك كۆماری پێشووی ئەو وڵاتە هاشمی رەفسەنجانی ئاماژەی بەوە كردووە كە كێشەی بەرێوەبەردنی وڵات یەكێكە لە كێشە سەرەكییەكانی ئەمڕۆی ئێران.
بە پێی هەواڵێكی ماڵپەڕی تابناك هاشمی رەفسەنجانی لە كۆبوونەوەی خۆیدا لە گەڵ ژمارەیەك لە چالاكوانانی سیاسی و كلتوری ئێران، لە وەڵامی داواكارییەكانی ئەو چالاكوانانە بۆ دووبارە خۆ كاندێد كردنەوەی هاشمی رەفسەنجانی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئێران گوتوویەتی: ئەگەر من داواكارییەكانی ئێوە قەبووڵ بكەم، دووبارە خۆم كاندید بكەمەوە ئەمە بەو مانایە نییە كە لە ئێران كەسی شیاومان نییە كە وڵات بەرێوە ببات، بە پێچەوانەوە زۆر كەسی شیاو هەیە كە دەتوانێت وڵات بە باشی بەرێوەببات بەڵام رێگایان پێ نادرێت.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە هاشمی رەفسەنجانی رایگەیاندووە كە شۆڕشی ئێران بەرنامەی ئەوە بوو كە كەسانی لێهاتوو و شیاو پەروەردە بكات، تا بتوانن لە داهاتوودا وڵات بەرێوەببەن، بەڵام بەداخەوە ئەو ئارمانجەی شۆڕش پشتگوێ خراوە و رێگا و بوار بەو كەسانە نادرێت كە شیاوی بەرێوەبردنی وڵاتن. بۆیە یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی ئەمڕۆی ئێران كێشەی بەرێوەبردنی وڵاتە و ئەگەر ئەم كێشەیە چارەسەر نەكرێت ئەوا ئێران رووبەرووی قەیرانی گەورەتر دەبێتەوە.




