سەرۆك كۆماری توركیا چوارەمین پاكێجی ریفورمی دادوەری پەسەند كرد

ئەنقەرە- KDP.info/ رۆژی دووشەمە ناوەندی راگەیاندنی سەرۆك كۆماری توركیا لە ئەنقەرە رایگەیاند: كە سەرۆك كۆماری توركیا عەبدوڵلا گول چوارەمین پاكێجی ریفورمی دادوەری توركیای قەبووڵ كردووە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی سون خەبەری توركی رایگەیاند كە رۆژی دووشەممە سەرۆك كۆماری توركیا عەبدوڵلا گول پێشنیاری حكوومەتی توركیا بۆ گۆڕینی هەندێك لە بەندەكانی یاسای ژمارە 6459ی تایبەت بە مافی مرۆڤ و ئازادی رادەبڕین و هەندێك لە بەندەكانی یاسای 6460ی تایبەت بە یاسای دادگاكانی پەسەند كردووە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە سەرۆك كۆماری توركیا دوای پەسەند كردنی ئەم پێشینارەی حكوومەت، كە لە لایەن پارلەمانەوە ئاراستەی كرابوو، بۆ ئەوەی كە ئەم گۆڕانكارییانە جێبەجێ بكرێن و بە پێی ئەم یاسا نوێیانە كاروباری هاووڵاتییان لە دادگاكاندا بەرێ بكرێت، فەرمانێكی سەرۆك كۆماری ئاراستەی حكوومەت كردووە و حكوومەتیش دەست بەجێ دەستی بە جێبەجێ كردنی فەرمانی سەرۆك كۆمار كردووە.




