مه‌یسون ده‌ملوجی: داوا له‌سه‌رۆك تاڵه‌بانی ده‌كه‌ین رێگه له تاكڕه‌وی بگرێت

مه‌یسون ده‌ملوجی وته‌بێژی فه‌رمی لیستی ئه‌لعیراقیه دووپاتی كرده‌وه لایه‌نه سیاسیه‌كان سوورن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له‌سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای عێراق نوری مالیكی و ڕاشیگه‌یاند ئه‌گه‌ر میكانیزمی سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له‌سه‌رۆك وه‌زیران سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو ئه‌وا گه‌لێك رێكاری تری ده‌ستووری هه‌یه بۆ گرتنه به‌ری.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ده‌ستوری عێراق مافی به %20 ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران داوه بۆ بانگهێشتنی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ په‌رله‌مان و مه‌سه‌له‌ی مانه‌وه‌ی له‌پۆسته‌كه‌ی بخرێته ده‌نگدانه‌وه.
ده‌ملوجی به رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی راگه‌یاند لایه‌نه سیاسیه‌كانی عێراق سوورن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له‌سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا نوری مالیكی و له‌كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێشدا لایه‌نه‌کان هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانیان تاوتوێ كردووه و له‌هه‌مان كاتدا لایه‌نه سیاسیه‌كان سوورن له‌به‌رده‌وام بوونی كاره‌كانیان بۆ ده‌رباز كردنی عێراق له‌م ته‌نگژه و قه‌یرانه‌ی ئێستادا و بنیات نانی عێراقێكی نوێ له‌سه‌ر بناغه‌ی ده‌زگا یاسایی و ده‌ستورییه‌كاندا كه رێز له‌سه‌ربه‌خۆیی دادگا بگرێت و ده‌ست وه‌رنه‌داته ناو كاروباری سوپا‌و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی وڵات و بوار به‌تاك ره‌وی ده‌سه‌ڵات و دیكتاتۆریه‌ت نه‌دات.
ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی سه‌رۆك تاڵه‌بانیش له‌مه‌سه‌له‌ی سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له‌مالیكی ده‌ملوجی گوتی: له‌راستیدا هه‌ڵوێستی جه‌نابی سه‌رۆك كۆمار جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ ئێمه موفاجه‌ئه بوو چونكه واژووی پێویست بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له مالیكی له‌ژێر ده‌ست بوو جگه له‌وه‌ی چه‌ندین ئه‌ندام په‌رله‌مانی تر ئاماده‌بوون له‌دانیشتنی سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له‌مالیكی ده‌نگ له‌دژی مالیكی بده‌ن ده‌ملوجی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌تاڵه‌بانی له‌به‌رده‌م ئێمه به‌ڵێنی پێداین كه داواكاری لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له‌مالیكی ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بكات جگه له‌وه‌ی كه تاڵه‌بانی خۆی سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ولێری كرد كه‌له 28 نیسانی رابردوو به‌ئاماده‌بوونی لایه‌نه سیاسییه‌كان ساز كرا كه‌تایبه‌ت بوو به‌سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له‌مالیكی و تاڵه‌بانی به ئاماده‌بوانی راگه‌یاند كه‌له كاتی به‌رده‌ست بوونی ژماره‌ی پێویست له واژووی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان كه‌ده‌كاته نیو كۆ یه‌ك ئه‌و وه‌ك سه‌رۆك كۆمار ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ده‌كات.
له‌كۆتای قسه‌كانیدا ده‌ملوجی گوتی: ئێمه زۆر رێز له‌سه‌رۆك تاڵه‌بانی ده‌گرین جونكه به‌درێژای ته‌مه‌نی دژی دیكتاتۆریه‌ت خه‌باتی كردووه بۆیه داوای لێ ده‌كه‌ین كه‌به‌رده‌وام بێت له‌هه‌وڵكانی بۆ رێگه نه‌دان له‌دروست بوونی دیكتاتۆرییه‌ت و تاكڕه‌وی ده‌سه‌ڵات و بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی.
ده‌ملوجی ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ئه‌وانه‌ی له‌دژی مانه‌وه‌ی مالیكی واژوویان كردبوو له‌لایه‌ن مالیكیه‌وه دوچاری هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه بوونه‌ته‌وه به‌ڵام 160 له‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه خۆڕاگر بوونه له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌كانی مالیكی‌دا و ئێمه‌ش دڵنیاین كه‌زیاتر له‌و ژماره‌یه‌ش له‌دانیشتنی سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له‌مالیكی ده‌نگ بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له‌مالیكی ده‌ده‌ن. ده‌ملوجی ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه كه‌ئێران دژی لادانی مالیكیه له پۆسته‌كه‌یدا.




