سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری ڕەجەب تەییب ئەردۆگان دەكات

ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی 4ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە حوسێن چەلیك جێگری ڕەجەب تەییب ئەردوگان لە پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد.
لەسەرەتای دیدارەكەدا بەڕێز حوسێن چەلیك سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و سڵاوی تایبەتی سەرۆك وەزیرانی توركیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ سەردانی كوردستان دەربڕی. جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان ستایشی خۆڕاگری و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە كاروانی خەباتی گەلی كورد و گەییشتن بەو ڕۆژەی ئێستا ئاوەدانی و ئاساییش و بووژانەوە لە هەرێمی كوردستاندا بەرقەرارە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا حوسێن چەلیك ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیای كرد لە بواری ئاوەدانكردنەوە و پەروەردە و هیوای خواست پەیوەندییەكان پەرە بستێنێت بە تایبەت لە بوارە فەرهەنگییەكان و ئاڵۆگۆڕكردنی شاندە زانستییەكان و خوێندنی باڵا.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی سەرۆكوەزیرانی توركیا و پارتی داد و گەشەپێدانی كرد و ڕۆڵی ناوەندە زانستی و بازرگانی و فەرهەنگییەكانی توركیای لە گەشپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیای بەرز نرخاند و ئومێدیشی خواست ئەو پەیوەندییانە زیاتر پەرە پێ بدرێن بۆ ئەوەی بووژانەوە و ئاشتی لە ناوچەكەدا جێگیرتر ببێت. لە بەشێكی دیكەی دانیشتنەكەدا هەر دوو لا بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتی توركیایان تاوتوێ كرد و پێشهاتە سیاسییەكانی عێراقیش خرایە بەر باسەوە.




