٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

فەرهاد ئەتروشی: بڕیارەكەی سەرۆك كۆمار سیاسییە نەك ناتەواوی ئیمزاكان

سەرچاوە: KDP.info

فەرهاد ئەتروشی ئەندامی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: پرسی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی پێویستی بە ئیمزا نەبوو، چونكە مادەی 61 لە دەستووری عێراق بڕگەی 8 (ب) دەڵێ سەركۆمار دەتوانێ نووسراوێك ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكات و داوای سەندنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران بكا، ئەمە پێویستی بە ئیمزا نییە، بۆیە بڕیارەكەی سەركۆمار سیاسییە نەك ناتەواوی ئیمزاكان.

ئەتروشی ئەوەشی ئاشكرا كرد كە كۆكردنەوەی ئیمزاكان لەسەر داوای جەلال تاڵەبانی سەركۆمار بوو كە لە كۆبوونەوەی دوكان داوای كرد بوو بۆ ئەوەی بزانێ ناڕەزایی دژی سەرۆك وەزیران لە چ ئاستێكدایە، ئەگەرنا لە یاسادا باس نەكراوە، بەڵام دەركەوت سەركۆمار نەیویستووە نووسراوەكە بۆ پەرلەمان بكا و لە بەیانامەكەی سەرۆكایەتیی كۆماردا هاتبوو كە باسكردن لە جێگرەوەی سەرۆك وەزیران سەرپێچی دەستوورە، ئەوە روونە كە هەڵوێستەكە سیاسییە"

ئەتروشی گوتیشی 160 پەرلەمانتار بەبێ ئیمزای پەرلەمانتارانی یەكێتی كە دواتر ئەوانیشی بۆ زیاد كرا، ئیمزایان كرد و پێشكێشی سەركۆمار كرا، تەنانەت ئەگەر 160یش بێ ئەوە ئاشكرایە كە نیوەی پەرلەمانی دژی مالیكین، ئیتر چۆن 3 ئیمزا دەبێتە كێشە، دووپاتی دەكەینەوە ئیمزاكان 176 و دروست بوون، بەڵام دیارە تاڵەبانی ئیمزای پەرلەمانتارانی یەكێتی ئەژمار نەكردووە.

ئەتروشی ئەوەشی خستە ڕوو كە لە بەیاننامەی سەرۆكایەتیی كۆماردا دەوترێ 11 پەرلەمانتار ئیمزایان كشاندووەتەوە، بۆ ناوەكانیان ئاشكرا ناكەن، ئەوە لە كۆبوونەوەی دوێنێی هەولێریش باسی لێكرا و دەكرێتە داواكاری تا ناوەكان ئاشكرا بكرێن، چونكە بەو شێوەیە گونجاو نییە كە تەنیا ژمارە بێ.، من ناڵێم كەس پاشگەز نابێتەوە، چونكە پەرلەمانتار هەیە دەترسێ و هەڕەشەی راستەوخۆ و نا راستەوخۆی لەسەرە، هەیشە بە بەڵێن و شتی تر رازی كراوە پاشگەز بێتەوە، بەڵام پێویستە راستییەكەی بەناو بخرێتە ڕوو"
 

هەواڵی پەیوەندیدار