ئیمزانەكردنی سەرۆك كۆمار لەسەر نامەی لێسەندنەوەی متمانە لەمالكی كاریگەریی لەسەر رێككەوتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یەكێتی نابێت

دوو بەرپرسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان پێیان وایە ئیمزا نەكردنی نامەی لێسەندنەوەی متمانە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەلایەن سەركۆمارەوە هیچ كاریگەرییەكی نەرێنیی لەسەر رێككەوتننامەی ستراتیجیی نێوانیان نابێ، لایەنی پارتیش دووپاتی دەكاتەوە لە كۆتادا نامەی لێسەندنەوەی متمانە لەلایەن سەركۆمارەوە هەر ئیمزا دەكرێ.
پشتیوان سادق ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: پێم وایە سەركۆمار لەم دۆخەی ئێستە كە لە عێراقدا سەری هەڵداوە دەیەوێ خۆی بێلایەن پێشان بدا، هەرچەندە هۆی ئەو دۆخە بۆ پێشێڵكردنی دەستووری عێراق لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە دەگەڕێتەوە، سەركۆماریش پارێزەری دەستوور و جێبەجێكردنیەتی.
پشتیوان سادق ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی كوتلە سیاسییە جیاوازەكانی عێراق لێی نیگەرانن ئەوەیە سەرۆك وەزیران دەستوور جێبەجێ ناكا و كاریش بە هاوبەشی و تەوافوقی سیاسی ناكا، ئەوەش تەنیا پێوەندیی بە كوردەوە نییە، بگرە رەوتێكی گەورەی سوننە و شیعەش لەگەڵ لێسەندنەوەی متمانەدان لەمالكی و هەموو لایەنەكانیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە عێراق بەم شێوەیەی ئێستە بەڕێوە ناچێ.
پشتیوان سادق گووتیشی كە پارتی و یەكێتی وەك دوو هێزی سەرەكیی كوردستان رێككەوتنی ستراتیجییان لە نێوانیاندا هەیە، لە پرسی سیاسی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی و ئەو پرسانەی بەرەنگاری هەرێمی كوردستان دەبنەوە یەك هەڵوێستن و ئەوەش گومانی لەسەر نییە.
لەلایەكی دیكەوە هەر سەبارەت بەهەمان پرس سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: پرسی ئیمزا نەكردنی نامەی لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی لەلایەن سەركۆمارەوە هیچ پێوەندییەكی بە رێككەوتنی ستراتیجیی نێوان پارتی و یەكێتیەوە نییە.
گوتیشی، هەر كەس و لایەنێك بیەوێ یان نەیەوێ متمانە لە مالیكی بێتە سەندنەوە، ئەگەر رێژەی نیوە كۆی یەكی1 ئیمزای پەرلەمانتاران پێشكێش بە پەرلەمان بكا، ئەوە هەر متمانەی لێی دەسەنرێتەوە، بۆیە ئەمە پێوەندی بە نێوانی
پارتی و یەكێتی یان خودی تاڵەبانی و بارزانییەوە نییە.




