یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان : مەلا مەزهەر سزا نەدراوە

هەولێر- تایبەت بە kdp.info / دوای بڵاووبونەوەی هەواڵی لەكار لادانی مەلا مەزهەر خوراسانی وتارخوێن مزگەوتی قادر بلە لە شاری هەولێر لە چەند دەزگایەكی راگەیاندن یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان راگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە و ئاماژە بۆ ناڕاستی ئەو زانیاری و هەواڵانە دەكات.
دەقی راگەیەنراوەكەی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان كە كۆپییەكی بۆ kdp.info نێردراوە " بە پێی هەواڵێك، كە له چەند ماڵپەڕێكی ئەنتەرنێت بڵاوكراوەتەوە، وا پیشاندراوە، كە مامۆستا مەلا مەزهەر خوراسانی لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە سزا درابێت، هەر چەندە لە سەرەتاوە ویستراوە بە شێوەی یاسایی مامەڵە لە گەڵ هەواڵەكە بكرێت، بەڵام دواتر بەرەو ئاقاری ئەوەیان بردووە، گوایە بەهۆی وتارەكانییەوە سزا درا بێت و لە وتارەكانی راگیرابێت.
بەڵام لە گەڵ رێزی تەواومان بۆ ئەم ماڵپەڕە بەڕێزانە، هەواڵی راگیرانەكە هیچ پەیوەندی بەم بابەتانەوە نییە، بە پێچەوانەوە ئەوەی كراوە، راگرتن نەبووە، بەڵكو كۆمەڵێك لەو مامۆستایانەی ئێستا لە خوێندن وەرگیراون و لە وڵاتانی دەرەوە دەخوێنن، تا ئێستاش لە پیشەی وتاربێژی بەردوامن، ئەمەش وەك كارێكی خۆبەخشی و بە مەبەستی درووست نەبوونی بۆشایی لە شوێنەكانیان و بە رەزامەندی وەزارەتی ئەوقافە، بۆیە لە بەرامبەر ئەم كارە پیرۆزە خۆبەخشانە پێویستە دەستخۆشیان لێ بكرێت، نەك بە سەرپێچی یاسایی ناوزەد بكرێن، ئێستاش ئەو مامۆستایە وێڕای ئەوەی خۆ بەخشانە ئەم كارەی بەڕێوەدەبرد، بە سینگی فرانی خۆیەوە لە كاری وتاربێژی راوەستاوە، بەڵگەشمان بوونی كۆمەڵێك مامۆستای دیكەیە، كە هیچ پەیوەندیان بە وتارەكانی پەیوەست بە رێكخراوەكانەوە نییە، كەچی وتاری هەینیش ناخوێننەوە، چونكە لە مۆڵەتدان، بۆیە نەدەبوو ئەم باسە وەكو سزادان و تۆڵەسەندنەوە بڵاوبكرێتەوە و لە چوارچێوەی راستەقینەی خۆی بچێتە دەرەوە، دڵنیاین وەزارەتی ئەوقافیش هیچ كاتێك بە گیانی تۆڵەسەندنەوە مامەڵە ناكات. بەپێچەوانەوە ناونانی جێبەجێكردنی ئەم یاسایەی وەزارەتی ئەوقاف بە سزادان خۆی لە خۆیدا كەمكردنەوەیە لە خودی یاسایەكە.
پێویستە هەموو چین و توێژەكانی كوردستانیش بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ یەك بكەن، ئەوەی لە كۆتایی سەردەكەوێت رێز و خۆشەویستی و پێكەوەژیانە.




