سه‌رۆک بارزانی له په‌یمانگه‌ی واشنتۆن بۆ سیاسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی نزیک وتارێکی پێشکه‌ش کرد

له په‌یمانگای واشنتۆن بۆ سیاسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی نزیک، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان وتارێکی پێشکه‌ش کرد و تیایدا تیشکی خسته سه‌ر ره‌وشی ئێستای عێراق و هه‌رێمی کوردستان و ناوچه‌که، دوای پێشکه‌ش کردنی وتاره‌که‌ی، سه‌رۆک بارزانی وه‌ڵامی ژماره‌یه‌ک پرسیاری ئاماده‌بووانی سه‌باره‌ت به ره‌وشی ئێستای عێراق و هه‌رێمی کوردستان و ناوچه‌که و ئامانجی سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ئه‌مه‌ریکا دایه‌وه.
له وڵامێکی پرسیارێکی په‌یمانگای واشنتۆن بۆ سیاسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی نزیک سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریکا به‌رامبه‌ر به عێراق و هه‌رێمی کوردستان ، سه‌رۆک بارزانی رایگه‌یاند که سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا و جێگره‌که‌ی ته‌ئکیدیان کرده‌وه که پابه‌ندن به عێراقێکی دیموکراتی فیدراڵی و فره‌لایه‌نی هه‌روه‌ها پابه‌ندن به هه‌رێمی کوردستان و خه‌ڵکی کوردستان، هه‌روه‌ها سه‌رۆک بارزانی گوتیشی ئێمه هیچ کاتێک به‌دوای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه نه‌که‌وتووین، ئێمه ده‌مانه‌وێ لاپه‌ڕه‌یه‌کی نوێ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان بکه‌ینه‌وه و هه‌میشه هه‌وڵمان بۆ سه‌قامگیری ئاسایش داوه، هه‌ر بۆیه زۆرێک له وڵاتانی بیانی به به‌رده‌وامی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان په‌یوه‌ندی بازرگانی و وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجام بده‌ن.
له‌باره‌ی پێشکه‌وتنه‌کانی هه‌رێمی کوردستانیش سه‌رۆک بارزانی تیشکی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌رێم به‌رده‌وام به‌ره‌وپێشچوون به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت و نموونه‌ش بۆ ئه‌و راستیه ئه‌وه‌یه که له‌ماوه‌ی ده ساڵی رابردوودا تا ئێستا ئاستی نه‌خوێنده‌واری به رێژه‌ی په‌نجاو شه‌ش له سه‌دا بۆ شازده له‌سه‌دا گۆڕاوه.
سه‌باره‌ت به ره‌وشی ئاسایشی عێراقیش سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان رایگه‌یاند، که زیاتر له یه‌ک ملیۆن چه‌کدار هه‌یه، به‌ڵام کرده‌وه تیرۆریستیه‌کان هه‌ر به‌رده‌وامیان هه‌یه و، له رووی سیاسیشه‌وه ئێستا عێراق له قه‌یرانێکی گه‌وره‌دایه. سه‌رۆک بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ش کرده‌وه که ئه‌و عێراقه‌ی به خوێنی خه‌ڵکی عێراق هاتووته به‌رهه‌م، تا دواین سات به‌رگری لێ ده‌که‌ین.
له وه‌ڵامی پرسیارێکی دیکه‌دا له‌باره‌ی ده‌ستووری عێراق، سه‌رۆک بارزانی گوتی؛ ده‌ستووری عێراق ده‌ستوورێکی باشه، به‌ڵام رێژه‌ی پابه‌ندبوون به‌و ده‌ستووره زۆر لاوازه و، له هه‌مان کاتیش‌دا هه‌موومان ده‌نگی خۆمان بۆ ئه‌و ده‌ستووره داوه و من داوام له لایه‌نه سیاسیه‌کان کردووه به‌یه‌که‌وه دابنیشن و رێگه له دووباره‌بوونه‌وه‌ی دیکتاتۆریه‌ت له‌و وڵاته‌دا بگرن و رێکه‌وتنه‌که‌ی هه‌ولێر جێبه‌جێ بکه‌ن، هه‌روه‌ها جه‌ختیشیکرده‌وه گه‌ر هه‌موو لایه‌ک ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه نه‌بوو، ئه‌وا ناچارین هه‌ریه‌که‌مان بۆ میلله‌تی خۆمان بگه‌ڕێینه‌وه، گه‌ر چاره‌ی کێشه‌کان نه‌کرێت.
له وه‌ڵامی پرسیارێکی سه‌رۆکی په‌یمانگای واشنتۆن بۆ رۆژهه‌ڵاتی نزیک، سه‌رۆک بارزانی گوتی: عێراق خۆی ده‌بێت چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی خۆی بکات، نه‌ک په‌نا بۆ ده‌ستێکی ده‌ره‌کی ببرێت و، سه‌ردانه‌که‌ی من بۆ ئێره، هیچ کامێک له‌و ئامانجانه‌ی به‌دواوه نییه، که مه‌به‌ست لێی په‌نابردن بێت بۆ وڵاتێک به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان.
له وه‌ڵامێکی دیکه‌دا سه‌رۆک بارزانی گوتی: ماوه‌ی شه‌ش ساڵه به‌ڵینه‌کان به‌جێ ناگه‌یه‌نرێن و ئێمه‌ش له‌م بارودۆخه بێزار بووین، چونکه هه‌ر به‌ڵێنی بێ کردار ده‌درێن، نموونه‌ش بۆ ئه‌م راستیه، خه‌رج نه‌کردنی پاره‌ی کۆمپانیا بیانیه‌کان و یاسای نه‌وت گاز، هه‌ر بۆیه ناردنی نه‌وت له هه‌رێمی کوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات راگیراوه.
له‌باره‌ی قه‌یرانی سووریاش به‌تایبه‌تی پرسی کورد له‌و وڵاته‌دا، سه‌رۆک بارزانی جه‌ختی له‌وه کرده‌وه، که به هه‌موو شێوه‌یه‌ک پشتیوانی له کورده‌کانی سووریا ده‌که‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که له‌رووی سه‌ربازیه‌وه یان پێدانی چه‌ک ئێمه هاوکاری ئه‌وان بکه‌ین، به‌ڵکو هه‌وڵ بۆ ئه‌وه ده‌درێت به‌شێوه‌یه‌کی دیبلۆماتکاریانه و ئاشتیانه مافه‌کانی کوردی رۆژئاوا پێشێل نه‌کرێن له لایه‌ن هیچ لایه‌نێکه‌وه.
سه‌باره‌ت به ماده‌ی 140 له ده‌ستووری عێراق، سه‌رۆک بارزانی روونیکرده‌ووه که جێبه‌جێکردنی ئه‌و مادده‌یه چاره‌سه‌ری ته‌واوه بۆ ئه‌و کێشه‌یه، به‌ڵام ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه حکومه‌تی عێراق به به‌رده‌وامی له جێبه‌جێکردنی راده‌که‌ن و، ئێمه به‌وپه‌ڕی دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێین ناوچه دابڕاوه‌کان نه‌ک ناوچه کێشه له‌سه‌ره‌کان، چونکه گومانی تێدا نییه که ئه‌و ناوچانه کوردستانین و رۆژی چاره‌سه‌رکردنیشیان هه‌ر دێت.
سه‌باره‌ت به کێشه‌ی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستانیش سه‌رۆک بارزانی رایگه‌یاند، که ئێمه هه‌میشه هه‌وڵ ده‌ده‌ین کێشه‌کانی نێوانیان به شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه چاره‌سه‌ر بکرێن نه‌ک به شه‌ڕ، هه‌ر کاتێکیش زانیمان له شه‌ڕ نزیک ده‌بنه‌وه، ئێمه نابین به ته‌ڕه‌ف، به‌ڵکو ته‌نها هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه ده‌ده‌ین .
سه‌باره‌ت به پرسیارێک له‌باره‌ی گرتنه ده‌ستی کۆمه‌ڵه ده‌سه‌ڵاتێک له عێراق به ده‌ست تاکه که‌سێکه‌وه، سه‌رۆکی هه‌رێم رایگه‌یاند: ئێمه هیچ کاتێک له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانین که زۆر پۆست و ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی تاکه که‌سێکدا قۆرخ بکرێت وه‌ک ئه‌وه‌ی که له عێراقدا له‌لایه‌ن هه‌ندێک له به‌رپرسانه‌وه به‌دی ده‌کرێت.
له‌باره‌ی پرۆگرامی ئه‌تۆمی ئێران و کاریگه‌ری سزادانی له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه به‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستانه‌وه، سه‌رۆک بارزانی رایگه‌یاند که ئێمه پێمان خۆشه په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئێران خۆش بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که له هه‌موو خاڵه‌کاندا ئێمه رێکبکه‌وین، چونکه خاڵی جیاوازیشمان له‌گه‌ڵا ئه‌و وڵاته‌دا هه‌ن، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا خاڵی هاوبه‌شیشمان هه‌ن، به‌ڵام ئێمه هه‌میشه پابه‌ندین به بڕیاره‌کانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی.
