د. دیندار زێباریپێشوازی لەبەرپرسی نوێی رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە هەرێم كرد
ههولێر- KDP.info/ د. دیندار زێباری یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە پێشوازی كرد لە نەواز حنیف، بەرپرسی نوێی رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە هەرێم و بە یاوەری خاتوو ئەلینۆر بێرنار، بەرپرسی نوێی رێكخراوی ناوبراو لە بەغداد.
خاتوو ئەلینۆر بێرنار بەرپرسی رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی خۆشحاڵی خۆی دەڕبڕی كە لە هەرێمی كوردستان كاری كردووە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر هاوكاری بووە, بەڵام ئێستا وا پێویست دەكات بچێتە بەغداد بۆ وەرگرتنی پۆستی نوێی وەك بەرپرسی ڕێكخراوی ناوبراو بۆ ئۆفیسی بەغداد و هیوای خواست كە بەهەمان شێوە هاوكاری نەواز حنیف بەرپرسی نوێی رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بكرێت كە لە هەرێمی كوردستان دەست بەكار دەبێت بۆ جێبەجێكردن و پێشخستنی كارەكانیان.
د. دیندار زێباری پیرۆزبایی لە هەردووكیانی كرد بۆ وەرگرتنی پۆستی نوێیان و باس لە ڕۆڵی ڕێكخراوی ناوبراوی كرد كە هەموو كاتێك ئامادە بووە بۆ بەهانا هاتنی لێقەوماوان لە سەرتاسەری جیهان و باسی ئەو یارمەتیانەی كرد كە ڕێكخراوی ناوبراو لە ڕۆژگارە سەختەكان پێشكەش بە گەلەكەمانی كردووە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە لە بەرنامەكانی لە كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەردەم ئامادەیە بۆ پێشكەش كردنی ئاسانكاری و هاوكاری پێویست بۆ سەركەوتنی بەرنامەكانی ڕێكخراوەكە.




