زانیاری لەبارەی دەستگیركردنی رفێنەری منداڵە ساواكە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/دوای ئەوەی لە رۆژی 22 ی ئەم مانگە لە نەخۆشخانەی لە دایكبووانی شاری هەولێر منداڵێكیساوا كە چەند كاتژمێرێك بەسەر لە دایكبوونی تێپەڕیبوو لەلایەن كەسێكی نەناسراوە وە دزاو لەماوەی چەند رۆژێكدا و دوای بڵاوكردنەوەی وێنەی تاوانباری سەرەكی رووداوەكە ئەمڕۆ كەسی تاوانبار لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە دەستگیركراو منداڵە ساواكەش رادەستی خانەوادەكەی كرایەوە.
عەمید هێرش ئەحمەد بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەولێر لە لێدوانێكیدا بۆ kdp.infoگوتی: لە رۆژی 22 ی ئەم مانگە ئاگاداركراینەوە لە رووداوی دزینی منداڵێك لە نەخۆشخانەی لەداكبووانی شاری هەولێر دواتر لە نووسینگەی رۆژئاوای نەهێشتنی تاوان بەپێی تایبەتمەندی سنوری كاری خۆی دەستكرا بە لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون بەتایبەتیش دوای ئەوەی كە وێنەی ئەو ئافرەتەی كە تاوانباری سەرەكی رووداوەكەیەو منداڵە ساوایەكەی دزیوە لە دەزگا راگەیاندنەكان بڵاوبوەوە راستەوخۆ دوای ئەوە ئێمە زانیاری تەواومان لە بارەی شوێنی نیشتەجێبوونی تاوانبارەكە دەستكەوت.
لە درێژەی لێدوانەكەیدا عەمید هێرش گوتیشی: رۆژی دواتر واتا ئەمڕۆ دوای ئەوەی فەرمانی دادوەرمان وەرگرت بۆ پشكنینی ماڵی تاوانبارەكە، بەڵام تاوانبار لەماڵەوە نەبوو بۆیە هاوسەری ئافرەتەمان دەستگیركرد و دوای لێكۆڵینەوە زانیاری لەبارەی شوێنی خێزانەكەی پێداین و دانی بەوە دانا كە خێزانەكەی ئەو تاوانەی ئەنجامداوەو چۆتە ماڵی باوكی بیانووی ئەوەی منداڵی بووە و دواتر دوای گەڕان و بەدواداچوون توانیمانە كەسی تاوانبار كە ئافرەتێكە دەستگیربكەین و منداڵەكەش رادەستی كەسووكاری و باوكی و دایكی بكەینەوە.
سەبارەت بە هۆكاری ئەنجامدانی ئەو تاوانە لەلایەن ئافرەتەكەوە ناوبراو گوتی: بەپێی ئەو وتەیەی كە لەتاوانبارەكە وەرگیراوە هۆكاری دزینی ئەو منداڵە ئەوەیە كە ئەو ئافرەتە چەند ساڵێكە شووی كردووە، بەڵام منداڵی نەبووەو لەبەر هەرەشەكانی مێردەكەی دەچێت ئەو منداڵە دەدزێت و بەمێردەكەی دەڵێت منداڵی خۆمانە ئەمەش دوای ئەوەی ئافرەتەكە هەمان رۆژی تاوان سكێكی چەند مانگەی لەباردەچێت، هەروەها لە لێكۆڵینەوەكان دەركەوت كە تەنها ئافرەتەكە تاوانبارەو هاوسەرەكەی ئاگای لە تاوانەكە نەبووە.




