تەنها لەچوار مانگی رابردوودا 48 رووداوی هاتووچۆ لەسۆران روویانداوە

سۆران-KDP.info /بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران، لەماوەی چوار مانگی رابردوودا لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران 48 رووداو روویانداوەو 75 كەس برینداربوونەو سێ كەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لەمبارەیەوە مفەوەز ئیبراهیم باڵەكی بەرپرسی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران تایبەت بە kdp.infoی راگەیاند: بەپێی ئامارەكانی تۆماركراو لەی بەشی سزادانی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران لە چوار مانگی ئەمساڵدا لەسنوری بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران كە هەرچوار قەزای سۆران و چۆمان و رواندزو مێرگەسۆر دەگرێتەوە 48رووداوی جۆراوجۆری ئۆتۆمبیل روویان داوە، لەو رووداوانەشدا 75 كەس زامداربوونەو لەناو ئەوانەشدا سێ كەس گیانیان لەدەست داوە، هەروەها بە كولفەیەكی زۆری مادیش زیانی ماڵی لێ كەوتۆتەوە، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی لەبەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران ئاماژەی بەوەش كرد تەنها لەمانگی رابردودا 10 رووداوی هاتووچۆ لەسنووری دەڤەری سۆران روویانداوەو 16 كەسیش برینداربوونە. ئیبراهیم باڵەكی گوتیشی: زۆرینەی ئەو رووداوانە لە ئاكامی شوفێران جێ بەجێ نەكردنی رێنمایەكانی هاتوچۆ بووە، كە شوفێران سەرپێچی دەكەن و بەتایبەتی هاولاتیانیش پشتێنەی سەلامەتی نابەستن..




