لە نێو تورکیا بۆ کشانەوەی پەکەکە چ باسە

تورکیا- KDP.info/ کشانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە بووتە پرسێک و زۆربەی میدیاکانیش بەدوای ئەوە دەگەڕێن کە ئایا چ کاتێک پەکەکە چەکەکانی دادەنێت. جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا بولینت ئەرەنج پێشوازی لە دیارکردنی رۆژی ٨ ئایاری بۆ کشانەوەی پەکەکە لە قەندیلەوە بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان کرد. لە وەڵامی پرسیارێکیش لە بارەی کاتی چەکدانانی گەریلاکان کە پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاندبوو: دەبێت پێش کشانەوە، پەکەکە چەکەکانیان تەسلیم بکەنەوە و پاشان بەبێ چەک سنوری تورکیا جیبێڵن. جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا گوتی: نێوەڕۆکی ئەو پرسیارە بۆ ئێستا گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە، کە ئێستە پرۆسەی کشانەوەکە دەست پێدەکات و هەنگاو بە هەنگاویش هەواڵگری تورکیا پرۆسەکە چاودێری دەکات، بولینت ئەرەنج ئاماژەی بەوەشدا: کە پرۆسەی کشانەوەکە لە گەڵ سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە عەبدوڵلا ئٶجەلان رێککەوتنی لە سەرکراوە، لە سەر ئەو بنەمایەش هەنگاوەکانی دەهاوێژرێت، رۆژنامەکانی تورکیاش ئاشکرایان کردووە کە موراد قەریلان لە لێدوانەکەی رۆژی پێنجشەمەی رابردوویدا، بە ئەنقەست خۆی دزیوەتەوە لە دیارکردنی کاتی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری ئەتاتورکی بەرهەڵستکار کەمال کلیجیدار ئۆغلۆ لەو باریەوە رایاگەیاند: کە لە لێدوانەکەی موراد قەریلان دەرکەوتووە، کە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە چەکەکانیان تەسلیم ناکەنەوە، تا ئەو کاتەی سەرکردەکەیان عەبدولڵا ئۆجەلان ئازاد دەکرێت، کلیجیدار ئۆغلۆ راشیگەیاند: پێشتر چەندینجار هۆشداریمان دابوو کە نابێت ئۆجەلان ئازاد بکرێت، ئێستە رێککەوتنی نێوان حکوومەتی ئەردۆغان و ئۆجەلان لە ئێمراڵی ئاشکرا دەبێت. زانیارییەکان لەو باریەوە ئاشکرا بوونە کە ئەردۆغان، بەپێی رێککەوتنەکە ئۆجەلان ئازاد دەکات، کەمال کلیجیدار ئۆغلۆ دەڵێت،: ئێستە پرسیار ئەوەیە کە ئایا رێککەوتنەکەی ئەردۆغان لە گەڵ ئۆجەلان چەندە شەرعییە و ئایا ئەردۆغان دڵنیاییە لەوەی کە دەرنجامی رێککەوتنەکە بەکوێ دەگات. لای خۆشییەوە سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی، دەوڵەت باخچەلی، داوای لە خەڵكی تورکیا کرد خۆپێشاندانێکی فراوانی رەتکردنەوەی ئەو رێککەوتنە سازبکەن، کە لە نێوان ئەردۆغان و ئۆجەلان لەئیمرالی ئیمزای لەسەر کراوە.




