وەزیرێکی توركیا: پێشبینی هیچ هێرشێك بۆ سەر هێزەكانی پەكەكە ناکەم

توركیا-KDP-info / دوای ئەوەی كۆما جڤاكێ كوردستان (كە جە كە) بەرەسمی رۆژی 8ی مانگی داهاتووی دەستنیشان كرد بۆ كشاندنەوەی هێزەكانیان لە توركیا، لەهەمان کاتدا مەترسی لە سەلامەتی پرۆسەی كشاندنەوەكە هەیە. وەزیرێكی توركیش ئەم ئەگەرانە رەتدەكاتەوە و بە دووریان دەزانێت و رەتی دەكاتەوە وڵاتەكەی هیچ نیازێكی ئاوای هەبێت.
وەزیری بازرگانی و گومرگی توركیا حەیاتی یازجی لە رۆژی 25ی نیسان لە بارەگای ناوچەیی (AKP) لە باشووری پارێزگای مێرسین رایگەیاند: هەنگاوی باشمان بڕیوە لە دیموكراسی، ئێستە خەڵك قسە لە زۆر شت دەكات كە جاران یاساغ بوو.
لەلایەكی ترەوە لە درێژەی قسەكانیدا سەبارەت بە ئەگەری هەر دەستدرێژی و گورز وەشاندنێك لە هێزەكانی پەكەكە لە كاتی كشانەوەیاندا، وەكو لە راپۆرتەكەی حورییەت دەیلی نیوزدا هاتووە گوتوویەتی: پێشبینی ناكەم هیچ پرۆسەیەكی سەربازی بۆ سەر جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان رووبدات لە كاتی کشانەوەیاندا.
شایانی باسە پێشتر موراد قەرەیلان لە ئاگاداركردنەوەیەكدا بۆ هەر ئەگەرێكی پەلاماردانی هێزەكانیان لە كاتی كشانەوە هۆشداری دابوو و رایگەیاندبوو، لە حالەتی وەهادا هێزەكانیان لە كشانەوە دەوەستن و دەكەونە حالەتی بەرگری لە خۆیان.




