ستروان ستیڤنسن: کەمی رێژەی دەنگدانەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق رەوایی هەڵبژاردنەکان دەخاتە گومانەوە
برۆسکسل- تایبەت بە KDP.info / لە درێژەی کارو چالاکییەکانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، دڵاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بە یاوەری زانا کوردە راوێژکاری نوێنەرایەتی، سەردانی پەرلەمانی ئەوروپای کرد، بە مەبەستی بەشداربوون لە کۆبوونەوەی مانگانەی لیژنەی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ کاروباری عێراق و سازدانی زنجیرەیەک دیدار و چاوپێکەوتن لە گەڵ پەرلەمانتاراندا، لەوانە سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی ئەوروپا خاتوو 'باربارا لۆخبیلەر'.
سەر لە بەیانی رۆژی پێنجشەممە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری کرد لە کۆبوونەوەی دەوری لیژنەی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ کاروباری عێراق. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێز 'ستروان ستیڤنسن' سەرۆکی لیژنەکە باسی لە بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی عێراق کرد و نیگەرانی پەرلەمانی ئەوروپای بەرانبەر تێکچوونی رەوشی ئاسایش و ئەو کوشتارە بە کۆمەڵەی دەربڕی ، کە لە چەند ڕۆژی رابردوودا لە چەند ناوچەیەکی عێراق (کەمپی لێبەرتی) روویاندا. ستیڤنسن هۆکاری ئەو رەوشەی گەڕاندەوە بۆ رۆلی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە لە ژێر کاریگەریی تەواوی هەندێک لایەن دایە و بۆ سەلماندنی ئەوەش ستیڤنسن ئاماژەی بە سەردانێکی دەسەڵاتداری ئەمنی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ عێراق کرد، کە لە پاش سەردانەکەی ئەو رەوشەکە تێکچووە. لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ستروان ستیڤنسن ئاماژەی کرد بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و دڵگرانی خۆی بۆ ئەو راستییە نیشاندا کە لە هەندێک ناوچەدا نەتوانراوە دەنگ بدرێت و هاوکات لە هەندێک ناوچەی دیکە رێژەی دەنگدان زۆر کەم بووە. وەک نمونەیەکیش بەغدای پایتەختی هێنایەوە کە بە پێی چەند سەرچاوەیەک رێژەی دەنگدان لە نێوان 15 بۆ 25% بووە کە ئەمەش، بە بۆچوونی پەرلەمان، رەوایی هەڵبژاردنەکان دەخاتە گومانەوە.
کۆبوونەوە لە گەڵ سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆف لە پەرلەمانی ئەوروپا
نیوەڕۆی ڕۆژی پێنچشەممە، دلاوەر ئاژگەیی و شاندی هاوڕێی لە باڵەخانەی پەرلەمانی ئەوروپا لە گەڵ خاتوو 'باربارا لۆخبیلەر' سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆبووەوە.
لە سەرەتای دیدارەکەدا دڵاوەر ئاژگەیی کورتەیەکی لە سەر باردۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی پێشکەش کرد و پاشان باسی لە رەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا کرد، ئاماژەی بە کۆمەڵێک هەنگاو بڕیاری گرنگی حکوومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد لەوانە لابردنی حوکمی لە سێدارەدان کە ئێستە لە هەرێمی کوردستاندا کاری پێناکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکەدا باس لە پرسی جینۆسایدی گەڵی کورد کرا و لەو بارەیەوە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا داوای پشتگیری لیژنەی مافی مرۆڤی کرد و هیوای خواست کە پەرلەمانی ئەوروپا جینۆسایدی کورد بە فەرمی بناسێنێت. لە لای خۆشییەوە خاتوو لۆخبیەر وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە پێشکەوتنی رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا، بە هەندەوە باسی لە پرسی جینۆسایدی کورد کرد و رایگەیاند کە یەکێتی ئەوروپا دەبێت هەموو هەوڵێکی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی نەهامەتی و کارەساتەکانی رابردوو کە
بە سەر کورد و کەمەنە تەوەییەکانی دیکەی عێراقدا هاتوون. جارێکی دی دووبارە نەبنەوە. لە کۆتاییدا سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی ئەوروپا پشتگیری خۆی بۆ هەوڵەکانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و بەڵێنیدا کە ئەوە وەک سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ، پرسی جینۆساید لە نێو پارتەکەی خۆی و لە لیژنەی مافی مرۆڤیپەرلەمانیشدا بخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
کۆبوونەوە لە گەڵ پەڕلەمانتا رو سیاسەتمەداری دیار 'چارڵس تەنۆک'
نیوەڕۆی هەمان رۆژ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی هاوڕێی، لەگەڵ پەرلەمانتاری ئەوروپی و کەسایەتی دیاری پارتی پارێزگارانی بەریتانیا 'چارلس تەنۆک' ئەنجام دا.
لە میانەی ئەو کۆبوونەوەیەدا گەڵێک پرسی جیا باسیان لێوەکرا. نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کورردستان بە وردی بارودۆخی ئێستەی هەرێمی کوردستانی شیکردەوە و ئاماژەی کرد بەو رەوشە نا لەبارەی کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقدا سەریهەڵداوە کە پێچەوانەی رەوشی ئارام و سەقامگیری کوردستانە. هەر لە چوارچێوەی ئەو باسەدا، دڵاوەر ئاژگەیی ئاماژەی کرد بە سیاسەتی نەوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گرنگیی هەرێمی کوردستان بۆ ئاسایشی وزەی ئەوروپا. لەلای خۆشییەوە چاڕلس تەنۆک پشتگیری تەواوی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان و دۆزی کورد بە گشتی نیشاندا و راشکاوانە رایگەیاند کە ئەو لە پێگەی هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە بڕیاردان لە سەر سەربەخۆیی کوردستانیش تێدەگات و پشتگیری لێدەکات. تەنۆک هەروەها بە راشکاوانە گوتی: ئەگەر هات و کوردستان سەربەخۆیی رابگەیەنێت ئەوا بەشێکی زۆر لە وڵات و سیاسەتمەدارانی ئەوروپا پشتگیری لێدەکەن.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە پرسی بەجینۆساید ناساندنی هەڵەبجە و ئەنفال کرا و لەو رووەوە چەند بیرۆکە و پێشنیارێک تاوتوێکران و چارلس تەنۆک پشتگیری تەواوی خۆی بۆ ئەو ستراتیژە نیشاندا کە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە دایڕشتووە.




