عوسمان: دوو شەممەی داھاتوو شاندێکی باڵای ھەرێم بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا دەکات

ھەولێر- تایبەت بەkdp.info/ د.مەحمود عوسمان ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی بەkdp.infoراگەیاند: بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بڕیارە رۆژی دووشەممەی داھاتوو شاندێکی ھەرێمی کوردستان کە لە نوێنەری ھەموو لایەنەکان پێکدێت بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات.
د.مەحمود عوسمان گوتیشی: ئەم ئاڵۆزیانەی ئەم چەند رۆژە روویانداوە کاریگەری لە سەر چوونی شاندی کوردی نابێت، بەڵکو لەم کاتەدا چوونی ئەم شاندە ئیجابییە، لە بەرئەوەی ئێمە کێشەی خۆمان ھەیە، ئەم ئاڵۆزییەش لە ئەنجامی جێبەجێ نەکردنی دەستور و نەبوونی شەراکەت و تاکڕەوی و پەراوێزخستنەوە روویداوە. کە بەشێک لە گفتوگۆکانی شاندی کوردی دەبێت لە گەڵ بەغدا باسی لێوەدەکات.
عوسمان راشیگەیاند: گرنگترین ئەو خاڵانەی شاندی کوردی لە گەڵ بەغدا باسی دەکات مادەی140و بودجەی پێشمەرگە و دەستور و شەراکەت و نەوت وغاز و رێککەوتنامەی ھەولێرە، سەرباری ھەموو ئەو کێشانە کە ماوەی حەوت ساڵە جێبەجێنەکراون.
شایانی باشە لە دواین کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە گەڵ پەرلەمانتار و وەزیرە کوردەکان، بڕیار درا شاندێکی باڵا سەردانی بەغدا بکات، بە مەبەستی گفتوگۆ لە گەڵ حکوومەتی بەغدا لە بارەی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا.




