محەمەد عەلی جەعفەری: بەسیج ئەكتەرێكی سەرەكی هەڵبژاردنەكانە

تاران- KDP.info/ فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران محەمەد عەلی جەعفەری سەبارەت بە مەسەلەی هەڵبژاردنەكانی ئێران و بەشداری كردنی ژمارەیەكی زۆر لە كاندیداكان ئاماژەی بەوە كردووە كە بارودۆخی ئێران بۆ بەشداریكردنی ئەو هەموو كاندیدانە بارودۆخێكی گونجاو نییە بۆیە پێویستە ژمارەی كاندیدەكان تۆزێك كەم بكرێتەوە.
لەمبارەیەوە ئاژانسی ئیرنای ئێرانی رایگەیاندووە: فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران محەمەد عەلی جەعفەری رایگەیاندووە كە دەبێت جۆری كار و چالاكی سوپا و بەسیج وەكو جۆری هەڕەشەكانی دوژمنانی ئێران و شۆڕشی ئێران بێت و پێویستە ئەم دوو هێزە بۆ رووبەروو بوونەوەی هەر جۆرە ئەگەرێك لە ئامادەباشیدا بن، چونكە ئەركی ئەم دوو هێزە پاراستنی شۆڕشی ئێرانە.
ناوبراو لە بەردەوامی وتەكانیدا جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە دەبێت سوپا و بەسیجی ئێران گوێڕایەڵی وتەكانی رابەری شۆڕشی ئێران بن و شان بەشانی خەڵكی ئێران لە هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵدا حەماسەیەكی گەورەی سیاسی ساز بكەن.
محەمەد عەلی جەعفەری گوتوویەتی: سوپا و بەسیج پێویستە لە هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵی ئێراندا لە هەر روویەكەوە رۆلێكی یەكجار گرنگ بگێڕن و ببنە ئەكتەری سەرەكەی ئەم هەڵبژاردنانە، چونكە چاوی خەڵكی ئێران و چاوی نەیارانی ئێرانیش لە سەر بەسیج و سوپای پاسدارانی ئێرانە.




