مە گەكە: بۆ بەردەوامی قۆناغی چارەسەری پێویست بە رێوەشوێنی نوێ هەیە

ئەنقەرە - KDP.info- رۆژی پێنج شەممە هاوكات لە گەڵ بڕیاری پەكەكە بۆ كێشاندنەوەی هێزەكانی خۆی لە نێو سنورەكانی توركیادا، لیّژنەی ئەمنی قەومی توركیایش ( مە گە كە) كۆبوونەوەی خۆی سازكرد و لەو كۆبوونەوەیەدا راگەیندار كە بۆ بەردەوامی قۆناغی چارەسەری پێویستمان بە رێوەشوێنی نوێ هەیە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەرلەری توركی رایگەیاند: رۆژی پێنج شەممە لە ئەنقەرە بە سەرۆكایەتی سەرۆك كۆماری توركیا و بە بەشداری سەرۆك وەزیری و بەرپرسانی باڵای توركیا و هێزە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە، لیژنەی ئەمنی قەومی دووەمین كۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی سازكردووە.
لەم كۆبوونەوەیەدا كە بۆ ماوەی چوار كاتژمێری خایاندووە، گفتوگۆیەكی بەرفراوان سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پێشهاتەكانی دوای كێشانەوەی هێزە چەكدارەكانی پەكەكە كراوە.
لە دوای كۆبوونەوەكەدا راگەیندراوێكیش ئاراستەی رای گشتی توركیا كراوە و لەو راگەیندراوەدا سەرەڕای بە گرنگ و ئەرێنی وەسفكردنی بڕیاری پەكەكە بۆ كێشانەوەی هێزەكانی خۆی لە نێو سنوورەكانی توركیادا، جەخت لە سەر ئەوە كراوە كە پێویستە بۆ بەردەوامی ئەم قۆناغە توركیا رێوەشوێنی نوێ بگرێتەبەر.




