د.مەحمود عوسمان بۆ KDP.info : ئەو شەڕەی ئێستەی عێراق هی پەراوێز خستنی سونەیە، بۆیە فیدرالیەت باشترین چارەسەرە

هەولێر /KDP.info لە چاوپێكەوتنكێدا لەگەڵ KDP.info د.مەحمود عوسمان ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوە دەخاتەڕوو كە نا ئارامیەكانی حەویجە وابەستەی پەراوێزخستنی سونەیە لە عێراق، ئەوەش دەخاتەڕوو كە گرژییەكانی حەویجە كاریگەری دەكاتە سەر هەرێمی كوردستان ئەگەر بە راستەوخۆش نەبێت بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئەو كاریگەرییە دروست دەبێت.
لە چاوپێكەوتنێكدا د.مەحمود عوسمان ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی پرسی كێشەكانی عێراق لە بنەمای تەوافوقییەوە ئێستا بۆKDP.info ئەوە دەخاتەڕوو ئەمەریكییەكان كە هاتوون بۆ عێراق لەسەرەتاوە خەڵكانێكیان لە سەر دەسەڵات دانا كە توانایان لە بەڕێوەبردن نەبووە، ئێستەش كە حكوومەت لە دەست عێراقییەكانە، ئەوە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق 7 ساڵە لە دەسەڵاتە، بەڵام سەركەوتوو نەبووە، چونكە خۆی لەسەر بنەمای تەوافوق هاتووە لایەنەكان دەستیان گرتووە بە دەسەڵات، گوتی: مالیكی خۆشی نەیتوانیووە لە گەڵیان ئیدارە بكات، تەنانەت لە گەڵ شیعەكانیش.
دەربارەی خۆپیشاندانەكانی حەویجە و دروست بوونی ئەو گرفتە ئەمنییە لە عێراق، د.مەحمود ئەوەی خستەڕوو كە كێشەكانی حەویجە و پارێزگا سونە نشیینەكان بابەتێكی كۆنە، چونكە شیعەكان بۆ دەیان ساڵ لە عێراق دەسەڵاتیان بەدەست بووە، ئێستاش قبوڵی دەسەڵاتی شیعە ناكەن، وێڕای ئەوەش ئەو دەسەڵاتە تەوافوقییە نەیتوانی داوا رەواكانی سونە جێ بەجێ بكات بۆیە شتەكان چاوەڕوان كرابووە، چونكە جگە لەوەی بەشێكی كێشەكان ناوخۆین، لەهەمان كاتدا مەسەلەی دەرەكیش كاریگەری هەیە.
دەربارەی ئەگەری جیابوونەوەی هەرێمەكانی عێراق كە بەپێی دەستور ئاماژەی پێكراوە د.مەحمود گوتیشی : لە دەستور ئاماژە بە دروست بوونی هەرێمەكان كراوە و دەستوری عێراق ئاماژە بەوە دەكات لە سەر بنەمای جوگرافی سێ ، چوار پارێزگا هەرێمێك دروست بكەن، بۆیە ئەم هەموو رووداوانەی روویاندا دژی كورد و لە گەڵ سونە ئەگەر سیستەمێكی لامەركەزی دابمەزرێنن دەستور جێبەجێ بكەن هەرێمەكان لە سەر بنەمای دەستور دروست ببێت و ئیدارەیان بكرێت، حكوومەتیش لە بەغدا هەبێت ئەوە سیستەمێكی باشە، بەڵام ئەوەی ئێستە هەیە و دەیانەوێت سیستەمی مەركەزیەت لە عێراق بچەسپێت، وەك رابردوو ئەوە سەرناگرێت و ناتوانرێت سەركەوتن بە دەست بهێنێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت: مەركەزیەت لە رابردوو لە ئێستەش شكستی هێناوە، بۆیە لەم كاتەدا فیدرالیەت رێگایە بۆ دەربازبوون لە كێشەكانی عێراق.
دەربارەی ئەگەری پەڕینەوەی نائارامی حەویجە بۆ ناوچەكانی سنوری هەرێمی كوردستان، د. مەحمود عوسمان ئەوەی خستەڕوو كە كوردستان بەشێكە لە عێراق، بۆیە ئەو مەترسییە لە ئارادایە، چونكە كاتێك خەڵك ئاوارە دەبێت دێتە سنوری تۆ، شەڕێك روودەدات تۆ ناتوانی تاسەر بێ هەڵوێست بیت، دەربارەی بەردەوام بوونی گفتوگۆكان لە نێوان هەولێر و بەغدا، گوتیشی : گفتوگۆكان لە نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوام بوونیان باشە، بە تایبەتی بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرۆكی حكوومەت نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا بكات، بەڵام دەبێت گفتوگۆكان لە نێوان كورد و شیعە نەبێت بۆ ئەوەی سونە پەراوێز نەخرێت و خراپ نەشكێتەوە بەسەر كوردا، چونكە تاڕادەیەكی زۆر سونەكان پەراوێز خراون لە دەسەڵات.




