٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نێردراوی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان كرد

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی 4ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە میرۆسلاڤ دۆسیك نێردراوی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان كرد.

لەو دیدارەدا نێردراوی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان وێڕای دەربڕینی خۆشحالیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەردانی بۆ كوردستان سەرسامیی خۆی پێشان دا بەرانبەر ئەو پێشكەوتنەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و گوتی: من لەبارەی پێشڤەچوونەكانی كوردستان زۆرم بیستبوو بەڵام ئەوەی بینیم زۆر لەوە زیاتر بوو كە بیستبووم. هەروەها ئاماژەشی بە توانایی و ئامادەیی بەرچاوی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەوەی لە ئابووریی جیهان و ناوچەكەدا ڕۆڵی هەبێت كە هەمووی لەژێر سایەی سەقامگیری و ئاساییش و بوونی ئیرادەیەكی بەهێز بۆ پێشكەوتن هاتووەتە ئاراوە. لە درێژەی قسەكانیدا سپاسی بەشداریی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد لە دانیشتنی پێشووی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان و داواشی كرد سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی ئابووریی هەرێم بەشداریی دانیشتنی داهاتووی كۆڕبەندەكە بكات كە لە وڵاتی ئۆردۆندا دەبەسترێت.

لە بەرانبەردا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەخێرهاتنی میوانی كرد و بارودۆخی ئابووریی و تواناكانی هەرێمی كوردستانی بۆ نێردراوی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان شی كردەوە و گوتی: گەشەی ئابووریی هەرێمی كوردستان بە پێی ڕاپۆرتە پشتڕاستكراوەكان 8%ـە و ئەو خێراییە لە پێشكەوتن دەگەڕێتەوە بۆ بوونی یاسایەكی گونجاوی وەبەرهێنان و هەبوونی ئاساییش و سەرچاوە سرووشتییەكان و هەروەها ویست و پلانی هەرێمی كوردستان بۆ گەشەسەندنی بەردەوام. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە نێردراوی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی ڕاگەیاند كە جگە لە كەرتی پیشەسازیی وزە، هەرێمی كوردستان ئامادەیە لە بواری ئاوەدانكردنەوە و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و بازرگانیشدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی دەرەوە گەشە پێ بدات.

هەواڵی پەیوەندیدار