محەمەد حوسێن: دیموكراسی ئێران لە دیموكراسی فەرانسە پێشكەوتووترە

تاران- KDP.info/ ئەندامی ئەنجوومەنی دەستنیشان كردنی بەرەژەوەندییەكانی شۆڕشی ئێران محەمەد حوسێن سەفار هەرندی سەبارەت بە مەسەلەی هەڵبژاردنەكانی ئێران رایگەیاندووە كە هەڵبژاردنەكانی ئێران باشتر لە هەڵبژاردنەكانی زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان بەرێوەدەچن.
لەمبارەیەوە ئاژانسی فارسی ئێرانی بڵاویكردەوە كە ئەندامی ئەنجوومەنی دەستنیشان كردنی بەرەژوەندییەكانی شۆڕشی ئێران محەمەد حوسێن سەفار هەرندی وەڵامی رەخنەی وڵاتانی بیانی سەبارەت بە مەسەلەی هەڵبژاردن و نەبوونی دیموكراسی لە ئێرانی داوەتەوە و گتوویەتی: ئەو دیموكراسییەی كە لە ئێراندا هەیە لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی ئەورووپایشدا بەدی ناكرێت.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی وتەكانی خۆیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە لە فەرانسە دەبێت 550 كەس خۆپاڵاوتنی كاندیدەكان بۆ بەشداری كردنی لە هەڵبژاردنەكان قەبووڵ بكەن، ئەو جا كاندیدەكان بۆیان هەیە بەشداری لە هەڵبژاردنەكان بكەن، بەڵام لە ئێران تەنیا یەك ناوەند بۆی هەیە كە سەبارەت بە خۆ پاڵاوتنی كاندیدەكان بڕیار بدات، ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە كە ئێران لە فەرانسە دیموكراتیكترە.




