كەماڵ قڵیجدارئوغڵۆ: كێشانەوەی پەكەكە مایەی خوشحاڵی جەهەپەیە

تەكرداغ- KDP.info- سەرۆكی پارتی كۆماری گەل ( جەهەپە) كەمال قڵیجدارئوغڵۆ لە كاتی سەردانی بۆ شاری تەكرداغدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی سەبارەت بە مەسەلەی كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە دایەوە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دونیا بوولتەنی توركی رایگەیاندووە كە سەرۆكی جەهەپە كەمال قڵیجدارئوغڵۆ باسی قۆناغی چارەسەری كردووە و رایگەیاندووە كە ئەوان وەكو جەهەپە بە هیچ شێوەیەك لە دژی ئەم قۆناغە نین، بەڵكو تەنیا لە دژی هەڵسوكەوت و سیاسەتە شاراوەكانی سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغانن.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا باسی مەسەلەی كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكەیشی كردووە و گوتوویەتی: ئێمە وەكو جەهەپە زۆر خوشحاڵ دەبین بەو هەنگاوەی پەكەكە، چونكە هیچ یەك لە ئێمە نایەوێت كە وڵاتەكەی تووشی نائارامی و ئاژاوە بێت، پێم وایە ئەم هەنگاوەی پەكەكە سەرەتایەكە بۆ قۆناغێكی دیكە، بەڵام هێشتا رای گشتی توركیا نازانێت كە ئەو قۆناغە چۆن قۆناغێكە؟.




