بەلجیکا... پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەلجیکا

بەلجیکا- تابەت بە KDP.info/ دڵاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بە یاوەری زانا کوردە راوێژکاری نوێنەرایەتی رۆژی چوارشەممە 24-4-2013 سەردانی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکای فیدرال-ی کرد و لەگەڵخاتوو 'میشێل دنێف' بەرپرسی دێسکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باکور لە وەزارەتی دەرەوە کۆبۆوە.
لە سەرەتادا خاتوو دنێڤ بە گەرمی پیرۆزبایی لە ئاژگەیی کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەو ئەرکە نوێیەدا.
لە میانەی دیدارەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان بەلجیکا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسیان لێوەکرا. لە سەرەتادا دڵاوەر ئاژگەیی بە وردی باسی لە بارودۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی کرد و ئاماژەی بە سەقامگیریی رەوشی کوردستان و ئەو کەشە لەبارە کرد کە بۆ بزنس و وەبەرهێنان هاتۆتە ئاراوە. لەو میانەیەدا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا ئامادەباشی نوێنەرایەتی نیشان دا بۆ هاوکاریکردن و رەخساندنی پەیوەندیی بەهێز و جێگیر لە نێوان کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی بەلجیکا.
لە لای خۆشیەوە خاتوو دنێف خۆشحاڵی خۆی بەو گەشەکردنە بێوێنەیە دەربڕی کە لە هەرێمی کوردستاندا بەدیدەکرێ و ئاشکرایکرد کە وەزارەتی دەرەوە لە دیراسەکردنی بیرۆکەی کردنەوەی کۆنسوڵێکی فەخری بەلجیکادایە لە هەولێری پایتەختی هەریمی کوردستان.
هەر بە مەبەستی توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، کۆمەڵێک بیرۆکە و ڕاوبۆچوون بۆ کاری هاوبەش و هەماهەنگی نێوان وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاڵووگۆڕ کران و بەڵێن درا کە چاوپێکەوتن و دیدارەکان بەردەوام بن




