نێچیرڤان بارزانى: ئێمه له هه‌مووان باشتر له سه‌ختییه‌كانى ژیانى ئاواره‌یى تێده‌گه‌ین

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 24ى نیسانى 2013، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له (جانێت لیم) یاریده‌ده‌رى كۆمیسارى باڵاى كۆمسیۆنى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى په‌نابه‌ران (UNHCR) كرد.
له دیدارێكدا ڕه‌وشى په‌نابه‌رانى سووریا له عێراق و هه‌رێمى كوردستان خرایه به‌ر باس و به تایبه‌تیش تیشك خرایه سه‌ر ڕه‌وشى په‌نابه‌رانى سووریا له كه‌مپى دۆمیزى سه‌ر به پارێزگاى دهۆك و له‌مباره‌یه‌وه یاریده‌ده‌رى كۆمیسارى باڵاى (UNHCR) سوپاس و پێزانینى ڕێكخراوه‌كه‌ى پێشكه‌ش به حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ به‌هاناوه‌چوون و پێشوازیكردنى په‌نابه‌ران و دابینكردنى پێداویستى و خزمه‌تگوزارییه‌كان وهه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ UNHCR له كه‌مپه‌كه، هیوایشى خواست كه عێراق و ووڵاتانى دیكه‌ى ناوچه‌كه به هه‌مان شێوه هاوكاریى په‌نابه‌ران بكه‌ن. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه زیاتر له سه‌دا نه‌وه‌دى ژماره‌ى په‌نابه‌رانى سووریا له هه‌رێمى كوردستانن، بۆیه‌شه ئه‌ركێكى قورس كه‌وتووه‌ته سه‌ر حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه كه حكوومه‌تى عێراق ده‌بێ به جددى به‌رپرسیاریه‌تیى خۆى به‌رامبه‌ر به په‌نابه‌ران بگرێته ئه‌ستۆ و ئاوڕێكى جددى له كه‌مپه‌كان و ڕه‌وشى په‌نابه‌ران بداته‌وه و ده‌ستى یارمه‌تى و هاوكارییان بۆ درێژ بكات. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه دا كه پێشبینى ده‌كرێت ژماره‌یه‌كى زیاترى په‌نابه‌ران له كورد و عه‌ره‌بى سووریا ڕوو له هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن، بۆیه ده‌بێ هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك بكرێت و هه‌م حكوومه‌تى عێراق و هه‌م كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش ئاماده‌ییان بۆ پێشهاته‌كان و پێشوازیكردن و به‌هاناوه‌چوون و یارمه‌تیدانى په‌نابه‌ران هه‌بێت.
كه‌موكورتى و كێشه و پێداویستیى كه‌مپه‌كانى په‌نابه‌ران، لایه‌نێكى دیكه‌ى دیدارى نێچیرڤان بارزانى و یاریده‌ده‌رى كۆمیسارى باڵاى (UNHCR) بوو كه تیایدا سه‌رۆك وه‌زیران بڕیارى دا بڕى (10) ملیۆن دۆلار له لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه بۆ كردنه‌وه‌ى دوو كه‌مپى دیكه‌ى په‌نابه‌ران له دهۆك و هه‌ولێر خه‌رج بكرێت و كۆبوونه‌وه‌یه‌كى فراوان به به‌شداریى UNHCR و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ باشتركردنى ڕه‌وشى په‌نابه‌ران و خزمه‌تگوزارییه‌كان له بواره‌كانى ته‌ندروستى، په‌روه‌رده و پێدوایستییه‌كانى ڕۆژانه‌ى ژیاندا، ساز بكرێت و كێشه و كه‌موكوڕییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.
نێچیرڤان بارزانى، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه: "كاتێك باسى په‌نابه‌رى و ئاواره‌یى ده‌كرێت، خۆمان له هه‌مووان باشتر له ڕه‌وشه‌كه تێده‌گه‌ین، چونكه په‌نابه‌رى و ژیان و سه‌ختییه‌كانى ئاوا‌ره‌ییمان بینیوه و ده‌زانین ژیان و ڕه‌وشێكى چه‌ند سه‌خته، بۆیه به دڵنیاییه‌وه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو یارمه‌تى و هاوكارییه‌ك پێشكه‌ش به په‌نابه‌ران ده‌كات". هه‌روه‌ها داواى له ووڵاتانى ده‌وروبه‌رى عێراق و ناوچه‌كه‌یش، به تایبه‌تى ووڵاته عه‌ره‌بیه‌كان كرد كه هاوكاریى په‌نابه‌رانى سووریا بكه‌ن و ئاوڕى جدییان لێ بده‌نه‌وه.
له كۆتایى دیداره‌كه‌دا (جانێت لیم) یاریده‌ده‌رى كۆمیسارى باڵاى كۆمسیۆنى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى په‌نابه‌ران (UNHCR) خۆشحاڵى و سوپاس و پێزانینى خۆى بۆ هاوكارییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و خه‌ڵكى كوردستان بۆ په‌نابه‌ران دووپات كرده‌وه و هیواى خواست له‌م ڕووه‌وه عێراق و ووڵاتانى ناوچه‌كه‌ش چاو له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن.




